پەرلەمانی عێراق هەوڵی كردنەوەی دۆسیەی كەوتنی مووسڵ دەدات

پەرلەمانی عێراق هەوڵی كردنەوەی دۆسیەی كەوتنی مووسڵ دەدات
چەند هەفتەیەكە پەرلەمانی عێراق دەستی بە هەوڵەكانی كردووە بۆ كردنەوەی چەند دۆسیەیەكی گەورەی نیشتمانی، لەنێویشیاندا دۆسیەی كەوتنی شاری مووسڵ لە ٢٠١٤ لە سەردەمی حوكمی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر، لەگەڵ دۆسیەكانی قەسابخانەی سپایكەر و تەقینەوە گەورەكەی كەڕادە و قەسابخانەی مزگەوتی ساریە.

ئەم هەوڵانە كە سەرەتا لەلایەن هاوپەیمانیی (ئەلسائیرون)ی سەر بە موقتەدا سەدرەوە لە پەرلەمانی عێراق دەستی پێكرد، ئێستە ڕووبەڕووی ڕێگرییەك بووەتەوە لە سایەی ڕێككەوتنی سیاسیی لایەنەكان.

لەمبارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە زاری بەرپرسێكی باڵای بەغداوە بڵاوی كردەوە كە ئەم بابەتە وەك هەریەك لە بابەتە چارەنوسازەكانی تری وڵاتەكە، بووەتە بارمتەی ڕێككەوتنی ژێربەژێری سەركردە سیاسییەكان.

بەرپرسەكە دەڵێ بە بیانووی ئەوەی كردنەوەی ئەم دۆسیە گەورانە ئەگەری هەیە ناكۆكی بنێتەوە و پرسیاری گەورە دروست بكەن، بەرپرسە باڵاكان و دەسەڵاتدارە سەرەكییەكان ڕێگری لە كردنەوەیان دەكەن.

رۆژنامەكە ئەوەشی لە زاری بەرپرسە باڵاكەی بەغدا گواستووەتەوە كە جگە لەم دۆسیانە، هێشتا دۆسیە زەبەلاحەكانی تری وەك گەندەڵی لە كڕینی چەك بە گرێبەستی خەیاڵی و ساختە لە كۆمپانیا ئۆكرانی و رووسیەكان ماون بكرێنەوە، هەروەها گرێبەستی كڕینی برنجی ماوەبەسەرچوو و قوتابخانە ئاسنینە ئامادەكراوەكان.
ئاشكراشی كردووە كە كۆی دۆسیە گەورە و چارەنووسازەكان ژمارەیان دەگاتە ٤٠ دۆسیە و لە زۆربەیاندا نووری مالیكی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەرپرسی یەكەمن.











باسنيوز
Top