داعش سه‌رۆك هۆزێكی نه‌ینه‌وا و برازاكه‌ی ده‌كوژن

داعش سه‌رۆك هۆزێكی نه‌ینه‌وا و برازاكه‌ی ده‌كوژن
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا ئاشكرای كرد، چه‌كدارانی داعش هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر گوندێكی پارێزگاكه‌ و له‌ شه‌ڕ و پێكدادانێكیشدا، سه‌رۆك هۆزێك و برازاكه‌ی ده‌كوژرێن.

به‌ گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان، شه‌وی رابردوو، چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر گوندی "ئه‌زوریج"ی باشووری رۆژئاوای مووسڵ و له‌ شه‌ڕ و پێكدادانێكی چه‌كداریدا، له‌گه‌ڵ هۆزی "ساده‌ ئه‌لبوبه‌دران"ی نیشته‌جێی گونده‌كه‌، سه‌رۆكی هۆزه‌كه‌ به‌ناوی "عه‌لی خزعه‌ل به‌درانی" و برازاكه‌ی به‌ناوی "ئه‌رشه‌د به‌درانی" كوژراون.

میدیا عێراقییه‌كان، ئاماژه‌ به‌ برینداربوونی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی دیكه‌ی نیشته‌جێی گونده‌كه‌ش ده‌كه‌ن.

چه‌كدارانی داعش له‌ سنووره‌كه‌ جموجۆڵیان ده‌ستپێكردووه‌ته‌وه‌ و ماوه‌یه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌، له‌ رێگه‌ی ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی جۆراو جۆر، كه‌ دیارترینان هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر گونده‌كانه‌، به‌ روونی ده‌ركه‌وتووه‌.

به‌ مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی ئه‌و چه‌كدارانه‌ و مه‌فره‌زه‌كانی داعش، عێراق ئۆپه‌راسیۆنێكی دیكه‌ی له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رسێ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین، نه‌ینه‌وا و ئه‌نبار ده‌ستپێكردووه‌.




K24 -
Top