چەکدارێکی حەشدی شەعبی رفێنەرانی پاسەوانەکانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، ئاشکرا دەکات

 چەکدارێکی حەشدی شەعبی رفێنەرانی پاسەوانەکانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، ئاشکرا دەکات
چەکدارێکی پێشووی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی نھێنییەک لەبارەی رفێنەرانی پاسەوانەکانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، ئاشکرا دەکات.

ئەبو محەمەد، ئامر فەوجێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بووە لە چیای مەکحول، کە ئێستا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لەلایەن دادگای عێراقییەوە داواکراوە و رۆژانە سەربازانی لیوای بەرپەرچدانەوەی خێرا بەسەر ماڵەکەیدا دەدەن و بە گوتەی خۆی، جگە لە سووکایەتی بە ژن و منداڵەکانی، کەلوپەلی ماڵەکەشی دەدزن.

ئەبو محەمەد لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە باس لەوە دەکات، لە چیای حەمرین تۆماری کردووە، ئاماژەی بە رفێنەرانی پاسەوانەکانی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق (٢٠١٤-٢٠١٨) کردووە لەلایەن کەسایەتییەکی ئامرلییەوە دەکات، کە فەرماندەی حەشدی شەعبییە و ئێران پاڵپشتی دەکات.

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، کەسێک بەناوی عاتف نەجار و چەکدارانی میلیشیای عەسایب ئەھلی حەق پاسەوانەکانی فوئاد مەعسومی رفاندیان رفاند و حکوومەتیش ئاگادار بوو، بەڵام ھیچ لێپرسینەوەیەکی لەگەڵ ئەو عاتف نەجاڕە نەکرد.

عاتف نەجار بەرپرسی میلیشیای بەدرە لە شاری خورماتوو و یاریدەدەری فەرماندەی لیوای 52ـی حەشدی شەعبییە.

ئەبو محەمەد، کە خەڵکی ئامرلییە، ھەروەھا رایگەیاندووە، کە عاتف نەجاڕ تۆمەتی رفاندنی پاسەوانەکانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق داوەتە پاڵ ئەو و بەھۆیەوە حکوومەتی عێراق پێی وایە داعشە و ھەوڵی دەستگیرکردنی دەدا.

لە ڕۆژی ٨ی ئایاری ٢٠١٥، چوار پاسەوانی فواد مەعسووم، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، لە ڕێگەی نێوان بەغدا - کەرکووک کە لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە پاسەوانی دەکرا، بێسەروشوێن کران. دواتریش لە ڕۆژی ١٢ی شوباتی ٢٠١٦، سێ پاسەوانی دیکەی مەعسووم لە هەمان ڕێگە بێسەروشوێن کران و هەر ماوە نا ماوە باسی ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنی پاسەوانەکانی مەعسووم دووبارە دەکرایەوە، بەڵام کەس باسی لە ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو پاسەوانانە نەکرد، تا کۆتاییهاتنی پۆستەکەی فواد مەعسووم.



باسنيوز
Top