”ئەمریکا نیازی نییە بەشێکی ستافی باڵوێزخانەکەی بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە“

”ئەمریکا نیازی نییە بەشێکی ستافی باڵوێزخانەکەی بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە“
چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، مایک پۆمپێۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت ئەو دیپلۆماتکارانەی لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق کشاندبوونییەوە، جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە سەر ئەرکەکانییان لە بەغدا.

ماڵپەڕی (Foreign Policy)ی ئەمرکی لە راپۆرتێکیدا ڕۆژی ھەینی ئاماژە بەوە دەکات، زۆرینەی ئەو دیپلۆماتکار و ستافانەی باڵوێزخانەی ئەمریکا کە پێشتر لە عێراق کشاونەتەوە ئێستا چارەنووسی ئەرکەکانییان دیار نییە.

گوتەبێژێک بە ناوی وەزارەتی دەرەوە بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە کە ھیچ بڕیارێک لەم بارەوە نەدراوە، بەلام بژاردەی کەمکردنەوەی ستافی باڵوێزخانە خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و بڕیارەکەش دواتر دەدرێت.

چەند سەرچاوەیەک ئاشکرایان کردووە کە ستافی باڵوێزخانەکە دوای کشانەوەی بەشێکییان لە مانگی ئایار و لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئێستا لە وەزارەتی دەرەوە وەک دیفاکتۆ سەیر دەکرێت کە ئەگەری گەڕاندنەوەی ئەم کارمەندانە زۆر لاواز دەکات.

بەرپرسێکی دیکەی وەزارەتی دەرەوە کە کاریگەری ئەم بڕیارە ئەمیشی گرتووەتەوە، بە فۆرێین پۆلێسی ڕاگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوە خەریکە عێراق “پشتگوێ دەخات”.

ھەمان سەرچاوە ئاشکرای دەکات کە زۆرێک لەم ستافەی باڵوێزخانە ئێستا لە چارەنووسێکی پیشەیی نادیاردا، لە ھۆتێل و ژووری کرێ لە واشنتن دەژین و چاوەڕێی بڕیارێکی کۆتایین.

دوای بیناکردنی لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ڕووبەری زیاتر لە ١٠٠ ھیکتار، باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا وەک گەورەترین باڵوێزخانە لە جیھان ھاتە ناساندن. بە پێی زانیارییە نافەرمییەکان، زیاتر لە ١٠٠٠ فەرمانبەر لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کار دەکەن و بەشەکی زۆرییان لەگەڵ خێزانەکانییان لەو ناوچەیە نیشتەجێن.











باسنيوز
Top