عادل عەبدولمەهدی دووپات لەسەر پاراستنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكاتەوە

عادل عەبدولمەهدی دووپات لەسەر پاراستنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دەكاتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا، دووپاتی لەسەر پاراستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە.

كاوە محەمەد پەرلەمانتاری كورد لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران پەیوەندییەكی تەلەفۆنی پێوە كردووە و دووپاتی كردووەتەوە كە لە هەنگاوەکانی بەردەوامە بۆ دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە هەر کێشەیەك.

كاوە محەمەد لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، باسیان لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی دوێنێی فراکسیۆنی گۆڕانیان کردووە، کە تێیدا دیدی بزووتنەوەکە بۆ کێشەی نەوت و غازی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ خرابووەڕوو.

دەشڵێ پێی گوتووە كە پێویستە حکومەتی هەرێمی كوردستان هاوکارێکی جیدی حکوومەتی فیدراڵ بێت، مووچەی خەڵکی هەرێم لە کاتی خۆیدا دابەش بکات و رۆژانەش بە پێی یاسای بودجە، بڕی نەوت رادەستی بەغدا بکات، هەردوولاش کار بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان و بە دامەزراوەیی و شەفافکردنی کەرتی نەوت بکەن.

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی كە عەبدولمەهدی باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە کردووە، دووپاتیشی كردووەتەوە لەسەر هەنگاوەکانی بۆ بەدوورخستنی مووچەی خەڵکی هەرێم لە کێشەکان بەردەوام دەبێت.











باسنيوز
Top