فەرماندەیەکی باڵای سەربازی بە سیخوڕیکردن تۆمەتبار دەکرێت
نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگریی عێراق فەرمانی کردووە لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە لیوا روکن مەحمود ئەلفەلاحی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار، پێک بهێنرێت.
ئەو فەرمانەی وەزیری بەرگریی عێراق دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی دێت، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، لیوا روکن مەحمود ئەلفەلاحی سیخوڕیی بۆ دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) کردووە.
میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەو فەرماندەیە پەیوەندیی بە سیخوڕێکی CIA کردووە، کە بە رەگەز عێراقییە و زانیارییە نهێنییەکانی سوپای عێراقی پێ داوە.
تۆمارە دەنگییەکە، کە گویە تێیدا لیوا روکن مەحمود ئەلفەلحی و سیخوڕەکەی CIA قسە دەکەن، لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە بڵاو کراوەتەوە.
بەپێی ماددە ٢٨ی یاسای سزادانی سەربازیی عێراقی ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠٠٧، هەر سەربازێکی عێراقی بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان کردەوەی سیخوڕی بە هەر یەکێک لە شێوەکانی ئەنجام بدات، بە لەسێدارەدان سزا دەدرێت.
باسنيوز