هیومان رایتس وۆچ: بە هەزاران ژن و منداڵی بەندکراوی عێراقی لە رەوشێکی خراپدان

هیومان رایتس وۆچ: بە هەزاران  ژن و منداڵی بەندکراوی عێراقی لە رەوشێکی خراپدان
رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ (چاودێریی مافەکانی مرۆڤ) رایگەیاند، ناوەندەکانی راگرتن لە نەینەوا هەزاران بەندکراویان تێدایە و زۆربەیان بە تیرۆر تۆمەتبارن و بۆ ماوەی درێژ و لە رەوشی خراپدا بەندکراون.

بەپێی راپۆرتێکی هیومان رایتس وۆچ، رەوشی هەزاران راگیراوی عێراقی، لەنێویاندا ژن و منداڵ لەوپەڕی خراپیدایە.

لەما فەقێ، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵات لە هیومان رایتس وۆچ دەڵێت: حکومەتی عێراق زۆر پێویستی بە بونیادنانەوە و گونجاندنی ناوەندەکانی راگرتنە، پێویستە عێراق راگیراوەکان لە شوێنی گونجاودا بهێڵێتەوە و گونجاوبێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

شارەزایەکی بەندیخانەکانی عێراق بە هیومان رایتس وۆچ-ی راگەیاندووە: توانای هەر سێ ناوەندەکانی راگرتن لە باکووری عێراق لە تلکێف و فەیسەڵییە و تەسفیرات 2 هەزار و 500 کەسە، کەچی تاوەکو مانگی حوزەیران ژمارەی راگیراوان لەو ناوەندانە گەیشتە نزیکەی 4 هەزار و 500 کەس، کە 1300 کەسیان دادگا بڕیاری لەسەر داون و سزایان بۆ دیاریکراوە و دەبوایە بۆ بەندیخانەکانی بەغدا بگوازرێنەوە.

هیومان رایتس وۆچ ئاماژە بەوەشدەکات: پێشتر حاڵەتی مردنمان لە کاتی راگرتن لە نەینەوا بەهۆی قەرەباڵخی زۆرەوە تۆمارکردووە. بۆیە پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی داد لە سەرەتا و بەخێرایی رەوشەکە باشتر بکەن و لێکۆڵینەوەکان خێراتر بکەن.







rudaw
Top