لێکەوتی گرژی و كاریگەریەکانی نێوان ئه‌مەریكا و ئێران لە عێراق سەری هەڵدایە

لێکەوتی گرژی و كاریگەریەکانی نێوان ئه‌مەریكا و ئێران لە عێراق سەری هەڵدایە
گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران چەند توندبێتەوە، زیاتر کاریگەری لە سەر رەوشی عێراق ھەیە و رێژەی تەقینەوە و ھێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان زیاد دەبێت، پەرلەمانتارێکی سوونەکانیش دەڵێت: ھەندێك لایەن و وڵات ھەن کێشە دەھێننە ناو خاكی عێراق، بۆیە پێویستە عێراق ئەوە قبووڵ نەکات خاکی وڵاتەکەی ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی وڵاتانی دەرەکی.

ھاوكات لەگەڵ توندتربوونی گرژییەكانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، رێژەی تەقینەوە و ھێرشی کردەوە تێکدەرەکان بۆ سەر باڵیۆزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بەسرا و بەغدا و تەنانەت ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم رووی لە زیاد بوون کردووە، بە جۆرێک بە گوێرەی ئاماژەکان دەستپێکی ئەو شەڕە چاوەڕوانكراوەی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە عێراقەوە سەرھەڵدەدات و ئاسایشی وڵاتەکەی خستووەتە ژێر مەترسیەوە.

رەعد دەھلەکی، ئە ندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: ھەندێك لایەن ھەن دەیانەوێت کێشە دەرەکییەکان بھێننە ناو وڵاتەکە، بۆیە دەبێت کار بۆ ئەوە بکەین کە رێگە نەدەین عێراق ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان، دەبێ ھەموو ئەوانەش دەستگیربکرێن کە ھەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش دەدەن، ئەوانەش راپێچ بکرێن کە دزە بە زانیارە ھەواڵگرییەکان دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات.

پێشتر گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق ئەوەیان بە گوێی ئەمەریکییەکان دابوو گەر شەڕی ئەمەریکا و ئێران سەرھەڵبدات ئەوان داھاتووی سیاسی و گیانی ئەمەریکییەکان لە ناو عێراق دەکەنە ئامانج.
Top