ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی به‌رتیلدان به‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كۆمپانیایه‌كی جیهانیی سزا ده‌دات

ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی به‌رتیلدان به‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق كۆمپانیایه‌كی جیهانیی سزا ده‌دات
وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند: "كۆمپانیایه‌كی خزمه‌تگوزاریی نه‌وتیی جیهانی، له‌ رێگایه‌ كۆمپانیایه‌كی دیكه‌وه‌ كه‌ باره‌گاكه‌ی له‌ مۆناكۆیه‌ وه‌ك نێوه‌ندگیر به‌كاریهێناوه‌ و به‌رتیلی داوه‌ به‌ زیاتر له‌ 7 به‌رپرسی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق تا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و كۆمپانیایه‌ گرێبه‌ستێكی نه‌وتی یه‌كلابكرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكا، كۆمپانیای Technip FMC له‌ نێوان ساڵانی 2008 تا 2013 به‌رتیلی داوه‌ته‌وه‌ به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ كۆمپانیاكه‌ له‌ به‌رازیلیش به‌رتیلی داوه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ ناچار كراوه‌ وه‌ك سزادانێك بڕی 296 ملیۆن دۆلار بدات تا تۆمه‌ته‌كانی سه‌ر كۆمپانیاكه‌ هه‌ڵبگیرێت و دۆسیه‌كه‌ دابخات.

راوێژكارێكی پێشوو له‌ كۆمپانیای Technip FMC، دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ خه‌تابارن و یاساكانی ئه‌مه‌ریكایان له‌ بواری ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵیی بیانی پێشێل كردووه‌.

ریچارد دۆنۆهیۆ، داواكاری گشتی فیدراڵی له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نیویۆرك گوتوویه‌تی: "سزادانی كۆمپانیا Technip FMC به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ واشنتن رێگه‌ به‌ هیچ كه‌س و كۆمپانیایه‌ك نادات ئه‌گه‌ر بیانیش بن به‌هۆی به‌رتیله‌وه‌ گه‌نده‌ڵی بكه‌ن و گرێبه‌ست له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌".

به‌هۆی ئه‌و سزایانه‌وه‌ كۆمپانیای Technip FMC كه‌ ئۆفیسه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی له‌ له‌نده‌نه‌ به‌ڵێنیداوه‌ دۆخی ناوخۆیی كۆمپانیاكه‌ توندوتۆڵ بكات و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا هاوكار بێت.

ئه‌وه‌ جاری دووه‌مه‌ كۆمپانیای Technip FMC له‌ ماوه‌ی 10 ساڵدا به‌هۆی تۆمه‌تباركردنی به‌ پێدانی به‌رتیل به‌ لایه‌نی بیانی سه‌دان ملیۆن دۆلار سزا ده‌درێت.





K24 -
Top