پەرلەمان پڕکردنەوەی وەزارەتەکانی کابینەی عەبدولمەهدی دەخاتەوە بەرنامەی کار
پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی حکوومەتی وڵاتەکەی دەخاتە بەرنامەی کارەوە.
بڕیارە کاتژمێر 11ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 24-6-2019 پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و تاوتوێی حەوت بابەت بکات.
تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە:
- تەواوکردنی دەنگدان لەسەر پێکهاتەی وزاریی حکوومەت.
- دەنگدان لەسەر پرۆژە پێشنیازی گەڕاندنەوەی کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری.
- دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەست بەسەرداگرتنی سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی بەرپرسانی رژێمی بەعس.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ئازادیی رادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتییانە.
- خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای لێژنەی ئۆڵۆمپیی عێراق.
- بەردەوامی دان بە گفتوگۆکردن لەبارەی یاسای دادگای فیدڕالیی عێراق.
- 15 خولەک گفتوگۆی گشتی.
رۆژی شەممە 22-6-2019، پەرلەمانی عێراق پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی حکوومەتی عێراقی خستبووە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بەهۆی ”نەگەیشتنی ناوە پێشنیازکراوەکان“ بۆ وەزارەتە کێشەلەسەرەکان، ئەو بڕگەیە لە بەرنامەی کار لادرا.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
بەپێی تەوافوقی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، وەزارەتی بەرگری پشکی سوننەکانە و لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوە و داراییدا، یەکێکیان بۆ کوردە و لەم کابینەیەشدا، وەزارەتی دادیش بۆ کورد دیاری کراوە.
باسنیوز