بڕگەی پڕکردنەوەی کابینەکەی عەبدولمەهدی لە بەرنامەی کاری پەرلەمان لادرا
بڕگەی پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی حکوومەتی عێراق لەبەرنامەی کاری پەرلەمان لادرا.
بڕیار بوو کاتژمێر 11ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 22-6-2019، پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی ژمارەی 25ـی ئاسایی خۆی، ساز بکات، بەڵام بەهۆی رێک نەکەوتنی لایەنەکان، کۆبوونەوەکە دواکەوت و دواتریش بڕگەیەکی بەرنامەی کارلا درا.
بەپێی کارنامەی نوێی کۆبوونەوەکە، بڕگەی پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی کابینەی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی، ناخرێتە ناو کۆبوونەوەکە.
د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە (کوردستان 24)ی راگەیاند، تا ئێستا ناوی پێشنیازکراوی وەزیرەکان نەگەیشتووەتە پەرلەمان و چاوەڕێ دەکرێ رۆژی دووشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان، بخاتە بەرنامەی کارەوە.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی متمانەیان وەرگرت و هەشت وەزیریش بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، متمانەیان پێ نەدرا.
بەپێی تەوافوقی لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، وەزارەتی ناوخۆ پشکی شیعەکانە، وەزارەتی بەرگری پشکی سوننەکانە و لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوە و داراییدا، یەکێکیان بۆ کوردە و لەم کابینەیەشدا، وەزارەتی دادیش بۆ کورد دیاری کراوە.
باسنیوز