شوێنە بازرگانییەكانی مووسڵ لەلایەن وەقفی شیعەوە داگیرکراون

شوێنە بازرگانییەكانی مووسڵ لەلایەن وەقفی شیعەوە داگیرکراون
بازاڕەكە نوێترین و قەرەباڵخترین بازاڕی مووسڵە، بەڵام لەوحەیەك لەناو ئۆفیسی ئەو كەسەی كە زەویی بازاڕەكەی بەكرێ گرتووە، دەریدەخات بازاڕەكە لە دەست شیعەكاندایە.

خاوەنی گرێبەستی زەوییەكە كەسێكی بەغداییە و لەسەر لەوحەكەش نووسراوە بازاڕی ئیمام حوسێن.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و زۆرینەی دانیشتووانی سوننەن سەردەمانێك ئەو شارە بنكەی سەرەكیی كۆكردنەوەی سەرباز و فەرماندە بۆ سوپاكەی سەدام حوسێن بوو، دوای رووخانی رژێمی بەعس ئەو شارە بوو بە جەرگەی جموجۆڵەكانی قاعیدە و ساڵانێك دواتریش بوو بە شوێنی راگەیاندنی خەلافەتەكەی ئەبووبەكر بەغدادی، سەركردەی داعش.

میلیشیا شیعەكانی عێراق كە لە 2014 وە لەژێر چەتری حەشدی شەعبیدا كۆبوونەوە، رۆڵێكی گەورەیان لە دەركردنی داعش لە مووسڵ هەبوو، لەو كاتەوە میلیشیا شیعەكان بە شاراوەیی بوون بە هێزی باڵادەست لە شارەكەدا.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی (رۆیتەرز)ی بەریتانی، دەسەڵاتە ئاینییەكانی شیعە بە خشكەیی هەوڵدەدەن دەست بەسەر موڵكە گشتییەكاندا بگرن و بانگەشەی ئەوە دەكەن ئەو شوێنانە لەڕووی مێژووییەوە هی شیعەن، ئەوە بەرپرسانی سوننەی ناوچەكەی تووڕە كردووە.

بازاڕی ئیمام حوسێن نزیكەی 60 دوكان و شوێنی عەرەبانەی تێدایە و بووە بە سەرچاوەیەكی گەورەی قازانج. شیعەكان رەتیدەكەنەوە هێزیان بەكارهێنابێ بۆ بەدەستهێنانی خاوەندارێتی موڵك و زەوییەكان، بەڵام ژمارەیەك بەرپرسی سوننەی ناوچەكە پێیانوایە پەرەسەندنی هێز و وەبەرهێنانی شیعەكان لە ناوچەكە نیشانەی فراوانبوونی دەسەڵاتی میلیشیاكان و نفووزی ئێرانە.

پەرلەمانتار شێروان دووبەردانی لەوبارەوە بە ئاژانسە بەریتانییەكەی گوت: لە عێراقی ئەمڕۆدا، قسەی كۆتایی لای كەسی خاوەن هێزە، ئەو گروپانەش هێزیان هەیە. یاسا هیچ مانایەكی نەماوە.

ئەو ناوچەیە دەكەوێتە سەر رێڕەوە ستراتیژییەكەی كە تاران و بەیروت پێكەوە دەبەستێتەوە، لە كاتێكدا ئێران بۆ رێگایەك دەگەڕێ سزاكانی ئەمریكای پێ پووچەڵ بكاتەوە.

بەڵام هەوڵەكانی حەشد تەنیا لە مووسڵ چڕنەبوونەتەوە. خاوەن زەوییەك دەڵێت میلیشیایەكی شیعە داوای كڕینی زەوییەكی كردووە كە قەبری ژەنەراڵێكی ئێرانیی تێدایە شوێنەكە لە باكووری بەغدا، لەسەر رێگەی مووسڵ و لە نزیك بنكەیەكی سەربازانی ئەمریكییە فەرماندە ئێرانییەكەش لە شەڕی دژی داعشدا كوژراوە.

خاوەنی زەوییەكە ئامادە نەبووە موڵكەكە بفرۆشی، بەڵام ناشتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، هێزێكی پۆلیسی نزیك لە میلیشیاكە شوێنەكەیان گرتووە. خاوەن زەوییەكە كە داوای كردووە ناوی ئاشكرا نەكرێ، بە ئاژانسە بەریتانییەكەی گوتووە: ئەوان تەنیا بەوە قایل نابن دەست بەسەر زەوییەكەدا بگرن، بەڵكو دەیانەوێ كۆنترۆڵیان بەسەر زەوییەكەدا فەرمی و یاساییش بێ.

(رۆیتەرز) لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پارێزگاكە، خاوەن بزنسەكان و وەبەرهێنەران قسەی كردووە و چاوی بە ژمارەیەك دۆكۆمێنتیش كەوتووە، هەموویان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئۆفیسی وەقفی شیعە، ئامرازە یاساییەكان و نفووزی خۆی بەكاردەهێنێ بۆ ئەوەی لە زۆر ناوچەی مووسڵ وەبەرهێنان بكات، بەو پێیەش ئەوە دەسەڵاتە مەزهەبییەكانن نەك میلیشیاكان كە چاویان لە وەرگرتنی موڵك و زەوییە، بەتایبەتیش مەزارگە و مزگەوتە كۆنەكان.

زوهێر ئەلئەعرەجی، سەرۆكی شارەوانیی مووسڵ، لەوبارەوە بە (رۆیتەرز) دەڵێ: هەندێكجار نیگەرانی ئەوەین كە هێزە چەكدارەكان بەكاربهێنرێن بەرپرسانی شارەكەش وەقفی شیعە و گروپە چەكدارەكان تۆمەتبار دەكەن بەوەی بە نایاسایی دەست بەسەر موڵكەكاندا دەگرن و لەو رێگەیەوە پارە پەیدا دەكەن و دیموگرافیای ناوچەكە دەگۆڕن.

وەقفی سوننە دەڵێت ئەوان خاوەنی هەموو موڵكە ئاینییەكانی مووسڵن، لەوانەش ئەو ناوەندە ئاینییانەی كە شیعەكان لە ناوچەكەدا بە هی خۆیانی دەزانن. میلیشیا و وەبەرهێنەرە شیعەكانیش دەڵێن ئەوان بەشێوەیەكی یاسایی ئەو موڵكانەیان بەدەستهێناوە ململانێی یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو موڵك و شوێنانە لە نێوان سوننە و شیعە سەرەتای ناكۆكییەكی نوێیە لە ناوچەكەدا.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، وەقفی شیعە نووسراوی كردووە سەبارەت بە خاوەندارێتی چەندین شوێن لە مووسڵ و مۆڵەتی وەبەرهێنانی لە شوێنە بازرگانییەكانیش بڵاوكردووەتەوە هەندێك لە بانگەشەكان بەهۆی ناڕەزایەتی بەرپرسە سوننەكانەوە هەڵپەسێردراون.

بازاڕی ئیمام حوسێن یەكێكە لەو شوێنانەی وەقفی شیعە خاوەندارێتی دەكات عودەی موحسین كە شوێنەكەی بە كرێ گرتووە، بە ئاژانسەكە دەڵێ: ئەم زەوییە موڵكی وەقفی شیعەیە لەڕووی مێژووییەوە ئەم زەوییە گۆڕستانی شیعەكان بووە عودەی ساڵانە 170 ملیۆن دینار دەداتە وەقف، بە گوتەی خۆیشی ئەو پارەیە بۆ خەرجیی چەكدارە بریندارە شیعەكان و قوربانیانی شەڕی داعشە.

ساڵی رابردوو، عودەی زەوییەكەی بەرامبەر مەزاری یونس پێغەمبەری بە دوكاندار و بازرگانانی ناوچەكە بەكرێ دا، نووسراوی دەسەڵاتە ئەمنییەكانی شارەكەشی پیشانی (رۆیتەرز) داوە كە رێگەی پێدەدەن ئەو كارە بكات خاوەن عارەبانەكان دەڵێن ئەوان شوێنەكەیان بە 200 دۆلار لە مانگێكدا بەكرێ گرتووە، ئەوەش نزیكەی نیوەی ئەو پارەیەیە كە وەقفی سوننە لەناوچەكانی دیكەدا داوای دەكات.

ئەبوبەكر كەنعان، بەڕێوەبەری وەقفی سوننەی مووسڵ دەڵێت: خەڵك ئەوە قەبووڵ دەكەن، چونكە پێشنیارەكە بە شێوەیەك دەكرێ كە سەرنجیان رابكێشێ، ئەو خەڵكە هەژارن و پێویستیان بە كارە.
ئەبوبەكر كەنعان و دوكاندارەكانی ناوچەیەكی دیكە كە وەقفی شیعە بە هی خۆی دەزانێ، دەڵێن مەسەلەكە تەنیا وەرگرتنی نووسراوی فەرمی و كرێی هەرزان نییە، بەڵكو زەبر و زەنگیش لەكاردایە.

ئەبوو محەممەد، دوكاندارێك لە نزیك موڵكێكی ئایینی ژێر چاودێریی وەقفی سوننە لە كۆنە شاری مووسڵ، دەڵێ: وەبەرهێنەرێكی شیعە هاتە 20 دووكانی سەر ئەم رێگایە و دەیگوت دەبێ گرێبەستێكی نوێ لەگەڵ ئەودا بكەین.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، وەبەرهێنەرەكە بەڵگەیەكی وەقفی شیعەی پێبووە كە بانگەشەی خاوەندارێتی ناوچەكەی كردووە و ساڵانە بە 40 هەزار دۆلار بەو وەبەرهێنەرەی داوە. ئەبوو محەممەدیش دەڵێ: سەرەتا سەرنجڕاكێش بوو، چونكە پێشنیاری كرێیەكی باشتری دەكرد، بەڵام كاتێك بینی ئێمە دوودڵین، ئەوجا هەڕەشەی لێكردین كە وەدەرماندەنێ. روون و ئاشكرا بوو كە هێزی لە پشتە.

حەریس حەسەن، شارەزای عێراق لە ناوەندی كارنیگی، لە لێدوانێكدا بۆ (رۆیتەرز) دەڵێت وەقفی شیعە زۆر جار مافی چاودێری نەك هەر لە رێگەی پڕۆسە یاساییەكانەوە جێبەجێ دەكات، بەڵكو لەگەڵ گروپەكان لە شوێنەكان یەكدەگرێ و بۆ ئەو ئامانجە بەكاریان دەهێنێ.

حەیدەر ئەبوو حەدمە، جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی، لەبارەی كێشەی نێوان وەقفی سوننە و شیعە لە مووسڵ گوتی: سەرۆكی وەقفی سوننە قەبووڵی ناكات كە وەقفی شیعەش دەتوانێ زەوی لە مووسڵ هەبێ، بەڵام ئەوان زۆر باش دەزانن كە زۆر شیعە لێرە هەن و 20 بۆ 30 مەزارگەی شیعەشی لێیە.

لە عێراقی دوای سەدام حوسێندا وەزارەتێك بەناوی ئەوقاف نییە، لە شوێنی ئەو وەزارەتە دوو وەقفی سوننە و شیعە هەن، كاتێك كێشەیەك لەسەر مافی چاودێریی مزگەوت یان مەزارگەیەكیش دروست دەبێ، لیژنەیەك لە نوێنەرانی هەردوولا پێكدەهێنرێ، بۆ ئەوەی كێشەكە یەكلابكەنەوە، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە زۆربەی حاڵەتەكاندا مەسەلەكە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لایەنەكان لە دادگا و ئەرزی واقیع كێشەكە بەلایەكدا بخات.

حەریس حەسەن پێیوایە لە ساڵانی رابردوودا وەقفی شیعە باشتر (لە سوننەكان) توانیویانە بانگەشەكانی خۆیان سەربخەن، چونكە پشتگیرسی پارتە شیعەكانیان لەگەڵە كە لە حكومەت و پەرلەماندا دەسەڵاتدارن.

داعش مەزارگەیەكی زۆری شیعەكانی لە مووسڵ تەقاندووەتەوە، هێزەكانی حەشد پارێزگاری لە مەزارگەكان بە ئەركی خۆیان دەزانن، بەڵام ئەبووبەكر كەنعان پێیوایە پاڵنەری دیكە لە پشت ئەو هەوڵانەوە هەیە و دەڵێ: ئەوان پێیانوایە مادام داعش شوێنی شیعەكانی تەقاندووەتەوە، مافی ئەوەیان هەیە شوێنە ئاینییەكانی ئێمە بگرن. مەسەلەكە هەمووی پارەیە، هەر لە وەبەرهێنانەوە بیگرە هەتا بەكرێدانی شوێنەكان و راكێشانی سەردانیكەران.

سەرۆكی شارەوانی مووسڵ پێیوایە ئەگەر وەقفی شیعە واز لە بانگەشەی خاوەندارێتی موڵكەكان بهێنێ، ناوچەكە سەقامگیرتر دەبێ، جەختی لەوەش كردەوە كە: ئێمە پێویستمان بە پشتگیری بەغدایە، ئێمە خۆمان بە تەنیا ناتوانین یاسا و نەزم لە ناوچەكەدا بەرقەرار بكەین.





rudaw
Top