پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئامادەكاری دەكات

پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئامادەكاری دەكات
سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی یاسایی و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، لەبارەی پڕۆژە یاسایی هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە كۆبوونەوەدان.

شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لیژنەی یاسایی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان, تایبەت بە پڕۆژە یاسایی هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و رێککەوتن لەسەر بڕگە ناکۆکەکانی ئەو پڕۆژە یاساییە دەستیپێكرد".

گوتیشی: "پەرلەمانی عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی دەنگی لەسەر پڕۆژە یاساكە بدرێت".

پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوە یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان كردووە و خوێندنەوەی دووەمیش تەواو نەكراوە. كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراقیش ئەوەی خستووەتەڕوو پێویستیان شەش مانگ ھەیە بۆ ئەوەی ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردن بكەن.

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێرمان، بڕیارە لەسەرەتای داھاتوو پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی دانانی ئەو چوار وەزارەتە بكەن كە تائێستا بێ وەزیرن و بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن.





K24
Top