رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی: ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ ئێران بخنكێنێ، دووه‌م تره‌مپ نایه‌وێت جه‌نگ به‌رپا بكات

رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی: ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ ئێران بخنكێنێ، دووه‌م تره‌مپ نایه‌وێت جه‌نگ به‌رپا بكات
رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریك، به‌ده‌ستی خۆی هه‌ژموونی ئێرانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیادكردووه‌، چونكه‌ واشنتن عێراقی راده‌ستی ئێران كرد، له‌ كاتێكدا یه‌ك ترلیۆن دۆلاری له‌و وڵاته‌دا خه‌رج كردووه‌.

مارتن چۆلۆڤ، له‌ رۆژنامه‌ی ئۆبزێرڤه‌ر نوسیوویه‌تی: "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ژموونی ئێرانی له‌ ناوچه‌ی عه‌ره‌بی زیادكرد، ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئێستا هه‌وڵ ده‌دات بیكات پێناچێت له‌ توانایدا بێت ئه‌و هه‌ژموونه‌ی ئێران له‌ بناغه‌وه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌".

له‌ وتاری رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، ئه‌مساڵ دوو بیرۆكه‌ له‌ ئێران سه‌ریهه‌ڵداوه‌، یه‌كه‌م ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ ئێران بخنكێنێ، دووه‌م تره‌مپ نایه‌وێت جه‌نگ به‌رپا بكات".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، سه‌ركرده‌كانی ئێران ئه‌و په‌یامانه‌یان ناردووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌رگریی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان بكه‌ن له‌ رێگه‌ی لێدان له‌ نه‌یاره‌كانیان و تووڕه‌بوونی ئێران به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ریكا ده‌ربخه‌ن، چونكه‌ تۆمه‌تباركردنی ئێران به‌ 6 هێرش بۆ سه‌ر نه‌وتهه‌ڵگره‌كانی كه‌نداو له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا به‌خۆڕایی نییه‌".

رۆژنامه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر سزادانی ئابووریی ئێران و ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌‌، سزاكانی ئه‌مه‌ریكا، ئابووریی ئێرانی شێواندووه‌، تواناكانی تارانی له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌تایبه‌تی یه‌مه‌ن و سووریا لاوازكردووه‌، ده‌رگای بازاڕه‌كانی نه‌وتی له‌سه‌ر داخستووه‌، كاتێك به‌رپرسانی ئێران ده‌بینن نه‌یاره‌كانیان نه‌وت به‌ كڕیاره‌كانی پێشووی تاران ده‌فرۆشن، ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ به‌ نیشانه‌ی لاوازی خۆیانی ده‌زانن".

نووسه‌ر‌ی بابه‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت: "له‌ ماوه‌ی 16 ساڵی رابردوودا ئه‌وه‌ی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا بردوویه‌تییه‌وه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ بووه‌، گه‌وره‌ترینیان راده‌ستكردنی (ناوه‌ندی عه‌ره‌بی) بوو به‌ هه‌ژموونی ئێرانی".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "سه‌ره‌ڕای ئه‌و باجه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق داویه‌تی و زیاتر له‌ ترلیۆنێك دۆلاری به‌هۆی ئه‌و وڵاته‌وه‌ خه‌رج كردووه‌، به‌ڵام كه‌مترین چانس نابینریت به‌غدای "ئازادكراو" بیه‌وێت په‌یوه‌ندیی ستراتیژیی له‌گه‌ڵ واشنتن ببه‌ستێت كه‌ به‌هۆی سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانییه‌وه‌ راده‌ستی هه‌ژموونی ئێرانی كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ هێشتا كارتی ئابووری له‌ ده‌ست ئه‌مه‌ریكایه‌ و به‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌یگێڕێت".






K24
Top