ئێكسۆن مۆبیل كارمەندەكانی دەگەڕێنێتەوە عێراق

ئێكسۆن مۆبیل كارمەندەكانی دەگەڕێنێتەوە عێراق
بەھۆی گرژییەکانی ئەمەریکا و ئێران کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی لە 18ی ئایاری ئەمساڵ، نزیکەی 80 کارمەندی لە کێڵگەی نەوتی گۆڕنەی یەکی رۆژئاوای بەسرە کشاندەوە بەرەو ئیمارات. ئێستاش کە تا رادەیەک دۆخەکە ھێور بووەتەوە، ئیکسۆن مۆبیل 22 کارمەندی گەڕاندوەتەوە و بڕیاریشە لە سەرەتای ئەم ھەفتەیە تەواوی کارمەندەکانی بگەڕێنێتەوە سەر کارەکانیان.

شرۆڤەکارێکی ئابووری پێیوایە عێراق خۆی لە رووی ئابوورییە داڕوخاوە و پێویستە ژێرخانەکەی بەھێزبکرێت، گەڕانەوەی کارمەندانی ئیکسۆن مۆبیلیش دەبێ جێی بایەخی وەزارەتی نەوت بێت و جارێکی دیکە دڵنیایی تەواویان پێبدەن، بۆ ئەوەی لە کارەکانیان بەردەوام بن.

لەوبارەوە ھادی جەلۆمەرعی، شرۆڤەكاری ئابووری بە كوردستان24ی گوت: "ئەم گەڕانەوەیە تائێستا جێی متمانەی ئەوان نییە، چونکە ھێشتا کێشە ماوە و ئەبێ چارەسەربکرێت تا ئەوان دڵنیابن و دەست بکەنەوە بە کارکردن، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەو جۆرە بەردەوام بێت ئەوە کاریگەری لەسەر داھاتووی پەیوەندییەکانی عێراق دەبێت، لەگەڵ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنان بە تایبەت ئەوانەی کاردەکەن لە بواری نەوت و وزە و غاز و پرۆسەی دەرھێنان و دۆزینەوە و ھەناردەکردن، ھەروەھا کاریگەری دەبێت لە سەر ئابووری وڵاتەکە بە گشتی، چونکە پێویستمان بە وەبەرھێنانە لە بواری ئاو کارەبا گواستنەوە فرۆکەوانی ژێرخانی ئابووری لە عێراق".





K24
Top