عادل عەبدولمەهدی بۆ حەشدی شەعبی: دەرگای وەرگرتنی خۆبەخش لە ریزەکان دابخەن و و بەهیچ شێویەک لێدوانی سیاسی مەدەن
سەرۆک وەزیرانی عێراق نووسراوێکی نهێنی بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەنێرێت و داوایەکیان لێ دەکات.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نووسراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە 27-5-2019 بۆ سەرکردە و گوتەبێژی ئەو میلیشیایانە ناردووە.
لە نووسراوەکەدا، عادل عەبدولمەهدی دوو خاڵی ئاراستەی سەرکردە و گوتەبێژەکانی ئەو میلیشیایانە کردووە، کە بریتین لە؛
- بەهیچ شێویەک لێدوانی سیاسی نەدەن، بەتایبەت لێدوانی پەیوەندیدار بە لوبنان، بەحرێن و سعودیە.
- دەرگای وەرگرتنی خۆبەخش لە ریزەکانی حەشدی شەعبی داخرا.
حەشدی شەعبی لە زیاتر لە 60 میلیشیای تائیفیی شیعەمەزهەب پێک دێت و دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، دامەزرا.
ئەو میلیشیایانە بەردەوام لە دژی وڵاتانی سعودیە، بەحرێن و لوبنان بەرگریی لە شیعەکانی ئەو وڵاتانە دەکەن و چەندین جار کێشەی دیپلۆماسییان لەنێوان عێراق و ئەو وڵاتانە، دروست کردووە.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر شاری مووسڵ و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز