وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق: پشتیوانیی ئێران ده‌كه‌ین

 وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق: پشتیوانیی ئێران ده‌كه‌ین

محه‌ممه‌د حه‌كیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، هاوتا ئێرانییه‌كه‌ی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا، هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی له‌ باره‌ی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، ئاماده‌ن رۆڵی نێوه‌ندگیر بگێڕن.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ زه‌ریف، باس له‌ رێككه‌وتنی زیاتری نێوان عێراق و ئێران كراوه‌ له‌ رووی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان و دروستكردنی شاری پیشه‌سازیی هاوبه‌ش، هاوكات دووپات له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات له‌ رێگه‌ی هێلی ئاسنینه‌وه‌ كراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ گه‌مارۆ و سزا ئابوورییه‌كانیش، كه‌ له‌لایه‌ن واشتنه‌وه‌ به‌سه‌ر تاراندا سه‌پێندراوه‌، حه‌كیم روونی كرده‌وه‌، ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ له‌ بری سوود، زیانیان بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.

هاوكات راشیگه‌یاند، دژی رێكار و سزاكانی ئه‌مه‌ریكان و پشتگیریی و پشتیوانیی ئێران ده‌كه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌، محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف، له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رایگه‌یاند، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و ده‌یانه‌وێت باشترین په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هه‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌ گرژییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاش رایگه‌یاند، ئه‌وان پابه‌ندی ته‌واوی رێككه‌وتننامه‌ و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌بن و ئه‌مه‌ریكاشی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد، كه‌ پێشێلی رێككه‌وتنه‌كانی كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ راپۆرته‌كانیدا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌، كه‌ تاران پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كان بووه‌.

k24-
Top