فوئاد حوسێن ئامادەكردنی ستراتیژی بوودجەی گشتی 2020-2022ی تاوتوێ کرد
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی وەزیری دارایی عێراق، دوێنێ یەکشەممە 19/5/2019، فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق، کە هاوکات جێگری سەرۆک وەزیرانیشە بۆ کاروباری ئابووری لەبارەی ئامادەكردنی ستراتیژی بوودجەی گشتی 2020-2022 لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی لێژنەی دارایی و ئەندامانی دەستەی راوێژكاران و بریكارانی وەزارەتی دارایی و پلاندانان کۆبووەوە و تێید باس لە بنەما سەرەكییەكانی ئامادەكردنی بوودجەی گشتی كرا، بە دەستنیشانكردنی نرخ و خەرجی دەرهێنانی یەك بەرمیل نەوتی خاو و فراوانكردنی هەناردەكردن و بووژاندنەوەی بازاری نێوخۆیی و جوڵەی سەرمایەی خۆماڵی.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە نرخی خەرجی دراو و ستراتیژی سیاسی دارایی كرا، لە بانكی ناوەندی، هاوكات باس لە پلانی ستراتیژی دەستەی گشتی باج كرا و پێشهاتەكانی باج و داهاتەكانی كرا بۆ ساڵانی داهاتوو لەسەر ئاستی مام ناوەندی.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، کە باس لە داهاتەكانی دیكە كرا جگە لە نەوت، هەروەها داهاتەكانی گومرگ و تاریفەی گومرگی و كاركردن بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی نوێگردنەوەی گومرگ و ئەو پێویستییانەی دەبنە هۆی پێشكەوتنی ئەم بوارە تاوتوێ كران.
باسنيوز