ماسیۆ توێڵه‌ر، باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق: نزیكە جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌و وڵاته‌وه‌ هه‌ڵگیرسێ

ماسیۆ توێڵه‌ر، باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق: نزیكە جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌و وڵاته‌وه‌ هه‌ڵگیرسێ
ماسیۆ توێڵه‌ر، باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌ڵێت: "پێویسته‌ پارێزگاریی له‌ عێراق بكرێت و له‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران بپارێزرێت چونكه‌ نزیكه‌ بڵێسه‌ی ئاگری جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئێران له‌و وڵاته‌وه‌ هه‌ڵگیرسێ".

پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پۆسته‌ نوێیه‌كه‌ی تیوله‌ر دا وه‌ك باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، به‌ رۆژنامه‌وانانی گووت: "له‌سه‌رمان پێویسته‌ به‌رده‌وامبین له‌ كاره‌كانمان بۆ پارێزگاریكردن له‌ عێراق و له‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران بیپارێزین".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "عێراق نزیكه‌ ببێته‌ سووته‌مه‌نی بڵێسه‌ی ئاگری جه‌نگی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران".

رۆژی هه‌ینی 17/5/2019، ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پۆسته‌ نوێیه‌كه‌ی ماسیۆ تیوله‌ر وه‌ك باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا ده‌ربڕی، پاش ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ ئه‌و پۆسته‌ دیاریی كردبوو.

ماسیۆ توێڵه‌ر، پێشتر بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ باڵیۆزی ئمه‌ریكا بووه‌ له‌ یه‌مه‌ن، پێش چه‌ند رۆژێك ده‌ستی له‌ پۆستی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ یه‌مه‌ن هه‌ڵگرت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پۆسته‌ تازه‌كه‌ی ده‌ستبه‌كار بێت. وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ش له‌ كاتێكدایه‌ گرژییه‌كانی نیوان واشنتن و تاران زیادیكردووه‌ و مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ عێراق ببێته‌ مه‌یدانی جه‌نگ.

رۆژی 15/5/2019 ئه‌مه‌ریكا فه‌رمانبه‌ره‌ لاوه‌كییه‌كانی باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ به‌غدا ئاگادار كردووه‌ ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵن، چونكه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ریان نزیك بێت له‌لایه‌ن گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ نزیكن.

پێشتر دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا بوو له‌ به‌غدا، ماوه‌یه‌كیشه‌ جۆی هود كاروباره‌كانی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا هه‌ڵده‌سوڕێنێ.






K24 -
Top