بەریتانیا ئاستی ھۆشداری بۆ ھاووڵاتییانی لە عێراق بەرز دەکاتەوە
بەپێی ھەواڵە جیھانییەکان، حکوومەتی بەریتانیا نیگەرانە لە ئەگەری ھێرشی ئیران یان ھێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران دژ بە ھاووڵاتییانی بەریتانیا لە عێراق.
ھەر بۆیەش دوابەدوای ئەمریکا و ئەڵمانیا و ھۆڵەندا، حکوومەتی بەریتانیا ھۆشداری دەدات کە ھاووڵاتییانی لە عێراق پێویستە ئاگاداری بارودۆخەکە بن.
بڕیارەکەی بەریتانیا ھاووڵاتیانی خۆی لە وڵاتانی سعوودیە، کوەیت و قەتەریش دەگرێتەوە.
سەرچاوەیەک کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، بە ماڵپەری (سکای نیوز)ی بەریتانی ڕاگەیاندووە، کە گومان دەکرێت بۆ ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە ھێرش بە قەبارەی بچووک بۆ سەر ھاووڵاتییان، یانیش دامەزراوە نەوتییەکان لە عێراق بکرێت، ئامانج لێیان زیانگەیاندن بە بەرتیانییەکان بێت.
بەڵام ھەمان سەرچاوە جەخت دەکاتەوە کە ئێران و میلیشیا ھاوپەیمانەکانی نیازی ھێرشی گەورەیان نییە، چونکە پلانی پەلکێشکردنی ھیچ ھێزێک بۆ ناو شەڕێکی جددی لە لایەن ئێرانییەکانەوە لە ئارادا نییە.
باسنيوز