وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای گەڕانەوەی فەرمانبەرەکانی لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-5-2019، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردووە بەهیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە فەرمانبەرە ناسەرەکییەکانی لە عێراق کردووە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
وەزارەتەکە هۆکاری ئەو داوایەی بۆ هەڕەشەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی گەڕاندووەتەوە و رایگەیاندووە، میلیشیاکان مایەی هەڕەشەن بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی ئەمریکی.
ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێک دایە، کە ئەو وڵاتە گوشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە لە عێراق و لوبنان، زیاد کردووە.
هەفتەی رابردوو مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدای پایتەختی عێراقی کرد و سەرچاوە میدیاییەکانیش ئاماژەیان بەوە کرد، کە پۆمپیۆ هۆشداریی داوە لەوەی هەر گرووپێک هێرش بکاتە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، ئەمریکا دەیخاتە ناو لیستی تیرۆرەوە.
باسنيوز