ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر میلیشیاكان هۆشداریی توند ده‌داته‌ عێراق

ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر میلیشیاكان هۆشداریی توند ده‌داته‌ عێراق
له‌ سه‌ردانه‌ له‌ ناكاوه‌كه‌یدا بۆ عێراق، مایك پۆمپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ روونی به‌ به‌رپرسانی باڵای به‌غدای رایگه‌یاندووه‌، كۆنتڕۆڵی گرووپه‌ میلیشیاكان بكه‌ن كه‌ نزیكن له‌ ئێران.

به‌ گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایان كردووه‌، ئه‌و گرووپانه‌ سه‌كۆی مووشه‌كی له‌ نزیك بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق جێگیر ده‌كه‌ن.

ئاژانسه‌كه‌ له‌ زاری دوو به‌رپرسی باڵای ئه‌منی عێراق بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، پۆمپێیۆ له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا به‌ روونی رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر عێراق گرووپه‌كان نه‌خاته‌ ژێر كۆنتڕۆڵ، ئه‌وان خۆیان به‌ زه‌بری هێز وه‌ڵامیان بۆ میلیشیاكان ده‌بێت.

به‌هۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری نێوان واشنتن و تاران، عێراق خۆی وه‌ك دراوسێیه‌كی تێوه‌گلاوی ئێران له‌و ململانێیه‌دا ده‌بینێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش كاریگه‌رییه‌كانی ئێران له‌ وڵات زیاتر بوونه‌ و ئه‌مه‌ریكاش ئه‌وه‌ی به‌دڵ نییه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای سه‌ربازیش به‌ رۆیته‌رزی گوتووه‌: "په‌یامی به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان روون بوو، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت گه‌ره‌نتی راگرتنی هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه‌ میلیشیاییه‌كانی عێراق له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان وه‌ربگرن".

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌شڵێت: "ئه‌وان گوتیان ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا له‌ناو خاكی عێراق هێرشی بكرێته‌ سه‌ر، ئه‌و كاته‌ خۆیان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا، وه‌ڵامیان ده‌بێت".

ئه‌گه‌رچی پۆمپێیۆ دوای سه‌ردانه له‌ ناكاوه‌‌كه‌ هیچ لێدوانێكی له‌ باره‌ی ناوڕۆك و ورده‌كاری كۆبوونه‌وه‌كان نه‌دا، به‌ڵام گوتی: "نامانه‌وێت هیچ كه‌سێك ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاته‌كه‌ (عێراق) وه‌ربدات و له‌سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاته‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر وڵاتانی دیكه‌".

سه‌رچاوه‌یه‌كی جیاوازی ئه‌منی عێراقیش، دووپات له‌ ناوه‌ڕۆك و ورده‌كارییه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی پۆمپێیۆ ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئه‌و به‌ڵگانه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان خستوویانه‌ته‌ڕوو، هه‌ندێك له‌ گرووپه‌ میلیشیاییه‌كان دووباره‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌ندێك شوێنی گومانلێكراو كه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ هه‌نگاوی بێزاركه‌ر وه‌سفی ده‌كه‌ن".

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌شڵێت: "پۆمپێیۆ به‌ به‌رپرسانی عێراقی گرتووه‌، هه‌ر هێرشێك له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپانه‌وه‌ بكرێته‌ سه‌ریان، ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ و به‌ زه‌بری هێز وه‌ڵامییان ده‌ده‌نه‌وه‌".

لای خۆیه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی رایگه‌یاندووه‌، وه‌كو حكوومه‌ت هیچ جموجۆڵێكی گوماناوییان تێبینی نه‌كردووه‌ كه‌ بووبێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك و گوتی: "ئه‌وه‌مان بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان روونكرده‌وه‌، حكوومه‌ت ئه‌ركی خۆی بۆ پاراستنی هه‌موولایه‌ك جێبه‌جێ ده‌كات".







K24 -
Top