سەلیم جبووری: پەیوەندیی دۆستانەم لەگەڵ قاسم سولەیمانی هەیە و چەند جارێک سولەیمانی سەردانی کردووم
سەلیم جبووری، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، گفتوگۆکانی لەگەڵ قاسم سولەیمانیی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات بووە.
سەلیم جبووری هەروەها رایگەیاندووە، پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ قاسم سولەیمانی هەیە و ”چەند جارێک سولەیمانی سەردانی کردووم“.
جبووری، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی سوننەمەزهەبەکان، رەتی کردووەتەوە فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی دەستی لەکاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی وەردابێ.
ئەو لێدوانەی ئەو سەرکردەیە لەکاتێک دایە، هەموو سەرکردە سوننەمەزهەبەکان قاسم سولەیمانی بە دوژمنی خۆیان ناو دەبەن و پێیان وایە سولەیمانی عێراقییەکانبۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکەی بەکار دەهێنێت.
باسنیوز