کورد و سوننە و دژی وەستاونەوە بۆ دوورخستنەوەی هێزی ئەمەریکا لە عێراق
لە ماوەی رابردوودا، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، جۆی هوود، هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ئاماژەی بەوە دا، هەركات حكوومەتی عێراق بە فەرمی داوایان لێ بكات، هێزەكانیان خاکی عێراق جێ بهێڵن، ئەو كارە دەكەن، گوتیشی: "سیاسییە عێراقییەكان لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانماندا نین".
لەبارەی گفتوگۆی پەرلەمانی (عێراق)یش لەسەر كشانەوەی هێزە بیانییەكان، هەڵسووڕێنەری كاروباری باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، گوتی: "هێزەكانی ئەمریكا لەسەر بانگهێشتی حكوومەتی عێراق لە ناوچەكەدان و ئەگەر ئێمەش بكشێینەوە، هاوپەیمانەكانیشمان دەكشێنەوە، بەوەش زیان بە عێراق دەگات".
ئەو قسانەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە لە کاتێکدایە، کە هەندێ لە پارتە سیاسییەکانی عێراق، بەتایبەتی هەردوو لیستی فەتح و سائیروون، کە ژمارەی کورسییەکانیان بە یەکەوە نزیکەی 100 کورسی دەبێت، لە هەوڵی ئەوە دان، لە ڕێگەی پڕۆژە بڕیارێکەوە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە ناشەرعی بناسێنن و لەو رێگەشەوە فشار بخەنە سەر حکوومەتی عێراق، بڕیاری دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بدات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، ئەو لایەنە شیعانە لەو هەوڵەیان نائومێد بوون و شکستیان هێناوە و دڵنیا بوون لەوەی کە ناتوانن لە پەرلەمانی عێراق دەنگی پێویستی بۆ کۆ بکەنەوە، چونکە لەلایەک ناکۆکیی ناوخۆیی هێزە شیعەکان نەبووەتە هۆی یەکدەنگییان لەسەر ئەو بڕیارە و لەلایەکی دیکەشەوە سوننە و کورد ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک واژۆ لەسەر پڕۆژەکە بکەن.
لەمبارەیەوە، محەمەد ئەمین فارس، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بۆ (باسنیوز) جەختی لەوە کردەوە، ئەو پڕۆژەیە نەهاتووەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و لە دۆخێکیشدا ئەگەر بێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش، پێشبینی ناکرێت دەنگی پێویست بهێنێت و گوتیشی: "نە کورد نە سوننە و بەشێک لە شیعەکانیش، لەگەڵ ئەوەدا نین هێزەکانی ئەمریکا لەم قۆناغە عێراق بەجێ بهێڵن".
دوای ڕووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە 2003، ئەمریکا و عێراق رێککەوتنێکیان بۆ پەیوەندییەکانی داهاتوویان واژۆ کرد، کە رێککەوتنەکە شەرعییەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق دەدات.
لەم بارەیەوە، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە بەغدا، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، ئەگەر بڕیار لە پەرلەمان بێت، ئەوە بۆ حکوومەتى عێراق مولزەم نییه، چونکە سەبارەت بە بڕیارەکانى پەرلەمان، حکوومەت دەتوانێت وەکوو راوێژکارى تەماشایان بکات و ئەگەر حکوومەت خۆى مەبەستى بێت، ئەوکات بڕیارەکە وەکوو وەرەقەیەکى سیاسى بەکار دێنێت، بۆ پاڵپشتى لە هەنگاوەکانی خۆى، بەڵام لەم قۆناغەدا چاوەڕوان ناکرێت پەرلەمانى عێراق بتوانێ بڕیار بۆ دوورخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بدات، هەر هەوڵێکی لەو شێوەیەش شکست دەهێنێت، چونکە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان دەرک بە مەترسیى بڕیارى لەو جۆرە دەکەن.
هاوکات، سامان فەتاح، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە بەغدا بۆ (باسنیوز) رای گەیاند، ئەمریکا ئەزموونی لەگەڵ کشانەوە لە عێراقدا هەیە و لەوە ناچێت ئەو هەڵەیەی دووبارە بکاتەوە، گوتی: "ئەمریکا دوای کشانەوەی لە عێراق، بەهۆی شەڕی داعشەوە بۆ جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە، ئەوەش پێشبینی دەکرا، کە دوای کۆتایی داعش هەمان داوای شیعەکان بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق لەلایەن لایەنە شیعەکان، بەتایبەتی حەشدی شەعبی بۆ جارێکی دیکە رووبەڕووی ئەمریکا ببێتەوە، بەڵام لەوە ناچێت ئەمجارەیان ئەمریکا ئەوە قبووڵ بکات".
جێی باسە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 10 هەزار سەرباز بێت.
باسنيوز