بەریتانیا: مەسیحییەکان لە عێراق بەرەو لەناوچوون دەچن

بەریتانیا: مەسیحییەکان لە عێراق بەرەو لەناوچوون دەچن
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایدەگەیەنێت، کە ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراق کەم دەبێتەوە و بەرەو لەناوچوون دەچن.

جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەسیحییەکان بەرەو لەناوچوون دەچن.

راپۆرتەکە لەلایەن ئەسقوفەکانی کەنیسەی تۆرۆرۆ فیلیپ مانستیڤن لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئامادە کراوە.

هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، مەسیحییەکان لە عێراق رووبەڕووی گەورەترین هەوڵەکانی لەناوبردن و خراپ مامەڵەکردن دەبنەوە.

جێرمی هانت ئاماژەی بە ژمارەی مەسیحییەکان لە عێراق پێش رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 کردووە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس بووە و ئێستا کەم بووەتەوە بۆ 120 هەزار کەس.

بەهۆی شەڕە تائیفییەکان و بڵاوبوونەوەی دەیان میلیشیای چەکداریی ئاینی و تایفیی توندڕەو و تیرۆریستی، دەیان هەزار هاووڵاتیی مەسیحیی عێراق پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.

لە کوردستان پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد، تورکمان، عەرەب، مەسیحی، مسوڵمان، ئێزدی و هەموو ئاین و نەتەوەکانی دیکە بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەیەکەوە دەژین و بەشداریی خۆشی و ناخۆشییەکانی یەکتر دەکەن.











باسنيوز
Top