لایەنەکانی عێراق لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ناکۆکن
لەمبارەیەوە، سەعد خەزعەلی پەرلەمانتاری كوتلەی سادقونی سەر بە گرووپی عەسائیب ئەھللحەق دەڵێ: "ھێزەكانی ئەمەریكا ناوچەیەكی ئارامیان بۆ چەكدارانی داعش لەناوچە بیابانییەكانی رۆژئاوای ئەنبار و ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سووریا دابینكردووە".
لەبەرامبەردا، بەشێكی زۆر لە لایەنەكانی دیكەی عێراق، ھێزەكانی ئەمەریكا بە گرنگ بۆ زامنكردنی دۆخی سەقامگیری ئەو ناوچانە دەزانن، لەم چوارچێوەیەشدا، سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند "ھێزێكی سەربازی ئەمەریكا، ئۆپەراسیۆنێكی كێوماڵكردنیان لە ناوچە بیابانییەكانی قەزای روتبە لە رۆژئاوای پارێزگاكە ئەنجامداوە. ژمارەیەكی زۆری سەرباز، بە چەكی سووك و مامناوەند و بە پاڵپشتی فڕۆكە لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشداربوون".
جیا لە رووی سەربازیی و سیاسییەوە، كوتلە سیاسییەكان، لەسەر بوونی ھێزەكانی بیانی لە عێراق، ھاوڕا نین، بەشێك لە لایەنە شیعەكان پڕۆژە یاساییەكیان بۆ دەركردنی ئەو ھێزانە ئامادەكردووە، بەڵام كوتلەكانی دیكە بە پێویستی دەزانن، جارێ ھێزەكانی بیانی بەتایبەت ئەمەریكا لە عێراق بمێننەوە، تا ئەوكاتەی داعش بە تەوای لە عێراق كۆتایی دێت.
K24