ناوی كاندیده‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و دادی عێراق ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا

ناوی كاندیده‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و دادی عێراق ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرا
ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 27/4/2019 خه‌دیجه‌ عه‌لی توركمانی، بڕیارده‌ری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: "عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به‌ نووسراوێكی فه‌رمی، ناوی دوو كاندیدی بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی داد و په‌روه‌رده‌ی عێراق ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی كردووه‌".

خه‌دیجه‌ عه‌لی به‌ رۆژنامه‌ی سه‌باحی فه‌رمی عێراقی گوتووه‌: "ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، ناوی دوو كاندیدی بۆ پۆسته‌كانی وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ ره‌وانه‌كراون، پاش ئه‌وه‌ی كوتله‌ سیاسییه‌كان ریككه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه‌".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "كاندیدی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ناوی "سه‌فانه‌ حه‌مه‌دانی"یه‌ و خه‌ڵكی پارێزگای به‌سره‌یه‌، كاندیدی وه‌زاره‌تی دادیش ناوی (ئه‌ركان قادر وه‌لی كه‌ریم بیبانی)یه‌ و پێشبینی ده‌كرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌ر دوو كاندیده‌كه‌ بدرێت".

بڕیارده‌ره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق گوتوویه‌تی: "دوای ده‌نگدان له‌سه‌ر ناوی ئه‌م دوو كاندیده‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناوی كاندیده‌كانی پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و به‌رگریش ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كات".

ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌ نووسراوه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا نووسراوه‌ "ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و دوو كاندیده‌ به‌ رێككه‌وتن بووه‌ له‌گه‌ڵ كوتله‌ سیاسییه‌كان".



K24
Top