پێشبینی دەکرێت ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ساڵی ٢٠٢٠ بکرێت
ڕێبوار عەبدولڕەحمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: "حکوومەتی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراق پێشتر بڕیاریان دابوو کە ١٦\١١\٢٠١٩ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەو وادەیەدا ھەڵبژاردن بەڕێوە نەچێت، بەڵکوو بۆ مانگی ٤ی ٢٠٢٠ دوا بخرێت".
پەرلەمانتارەکەی عێراق گوتیشی: "ئێمە تێبینیمان لەسەر بارودۆخی کەرکووک ھەیە، بەو حاڵە سەربازییەی لەوێ ھەیە لە کەرکووک بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین، لەبەر ئەوە دەبێ ئەو دۆخە کۆتایی پێ بھێنرت و ئەو حاڵەتە داگیرکارییەی تێدا نەمێنێت".
ئەوەشی خستە ڕوو: "ئێستا 11 پرۆژە یاسا لە پەرلەمانی عێراق ھەیە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ھەشت مانگ بەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەماندا ھێشتا لێژنە ھەمیشەییەکان ھەڵنەبژێردراون، لە کاتێکدا دەبوو ڕۆژێک دوای سوێندخواردنی پەرلەمانتارەکان لێژنەکان ھەڵبژێردرایە.
باسنيوز