جووڵه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ نزیك سنووری عێراق سه‌ركرده‌كانی حه‌شد نیگه‌ران ده‌كات

جووڵه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌ نزیك سنووری عێراق سه‌ركرده‌كانی حه‌شد نیگه‌ران ده‌كات
جموجووڵی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ نزیك سنووره‌كانی عێراق و سووریا، نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێی لای سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دروستكردووه‌و پێیانوایه‌، بوونی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له‌و ناوچه‌ سنوورییانه‌دا ئیستیفزازكردنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌ له‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا.

ئه‌فسه‌رێكی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنی جزیره‌ و بادیه‌ كه‌ به‌رپرسن له‌ ئاسایشی رۆژئاوای عێراق ته‌ئكیدیكردووه‌ته‌وه‌، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق جووڵه‌ ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ش سنووره‌كانی عێراقه‌ له‌گه‌ڵ سووریا له‌ پارێزگای ئه‌نبار".

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ به‌ رۆژنامه‌ی "العربي الجديد"ـی گوتووه‌: "ئامانج له‌و جموجووڵانه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان چاودێریكردنی ئه‌ندامانی داعشه‌ له‌ نزیك سنووره‌كان و بیابانه‌كانی رۆژئاوای ئه‌نبار، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌شداریكردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیانه‌دا نیگه‌رانن و له‌ سوڕانه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانیان به‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌ سنوورییه‌كان دڵه‌ڕاوكێیان هه‌یه‌. له‌ كاتێكدا به‌رده‌وام له‌و ناوچانه‌دا فڕۆكه‌ی F16 ی عێراقی و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌سووڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌ دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش بگرن تا نه‌په‌ڕنه‌وه‌ بۆ ناو عێراق‌".

وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقیش رایگه‌یاندووه‌: "فڕۆكه‌كانیان كه‌ له‌ جۆری F16 یه‌ و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش له‌ ئاسمانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سووریاش سووڕاونه‌ته‌وه‌ و ئه‌ركێكی به‌رگریی ئاسمانیان به‌ڕێوه‌بردووه‌".

وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌: "ئه‌وه‌ یه‌كه‌م ئه‌ركی ئاسمانی له‌وجۆره‌یه‌ كه‌ فڕۆكه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان به‌ هاوبه‌شی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ش بۆ بنیاتانی توانای هێزه‌كانی عێراق زۆر گرنگه‌".

به‌ڵام هاشم موسه‌وی، سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت: "جووڵه‌ی 18 زرێپۆشی ئه‌مه‌ریكی له‌ نزیك سنووره‌كانی عێراق و سووریا، هه‌نگاوێكه‌ بۆ ئیستیفزازكردنی ئه‌و هێزانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ له‌و ناوچه‌ سنووریانه‌ن".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌یانه‌وێت حه‌شدی شه‌عبی راكێشنه‌ مه‌یدانی روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی چه‌كداری و تۆمه‌تباریان بكه‌ن به‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق نابن، چونكه‌ ئیستیفزازكرده‌كان ته‌نها له‌ جووڵه‌ی زرێپۆشه‌كاندا نه‌ماوه‌ته‌وه‌و فڕۆكه‌ی چاودێری بۆ سیخوڕیكردن له‌سه‌ر گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیش به‌كارده‌هێنن. هاوكات بۆشایی ئه‌منیش دروست ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ سووریاوه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌ ناو عێراق".

هه‌روه‌ها هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكای تۆمه‌تباركردووه‌ به‌ داڕشتنی پلان بۆ كۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌ی سنووریی ئه‌لبوكه‌مال تا به‌و رێگایه‌ ئاژاوه‌ دروست بكه‌ن و ده‌سته‌به‌ری مانه‌وه‌یان بكه‌ن له‌ عێراق.




K24
Top