زێباری: حزبی ده‌عوه‌ و ره‌وتی حیكمه‌ هه‌وڵی رووخاندنی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ده‌ن

زێباری: حزبی ده‌عوه‌ و ره‌وتی حیكمه‌ هه‌وڵی رووخاندنی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ده‌ن
ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ 18/4/2019، هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشتوتری دارایی عێراق، له‌ رێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌، هه‌وڵی چه‌ند لایه‌نێكی بۆ رووخاندنی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاشكراكرد.

زێباری هۆشداریی ده‌دات و ده‌ڵێت: "حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و ره‌وتی حیكمه‌ ده‌ستیان به‌ جووڵه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بڕوخێنن و پێویسته‌ رابگیرێن.

زێباری تویته‌كه‌ی به‌ زمانی ئینگلیزی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی پلان داده‌ڕێژێ بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌وه‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می دیمه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ و بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر سه‌كۆی بڕیاردان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ ره‌وتی حیكمه‌ی عه‌مار حه‌كیم هاوكاریی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ ده‌سه‌ڵات دووربخرێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها نوسیوویه‌تی: "ئه‌و جموجووڵه‌ پاش ئه‌وه‌یه‌، ده‌نگده‌رانی عێراق له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2018 سزایدان و به‌ ده‌نگێكی به‌رز و به‌توندی گووتیان، پێویسته‌ بوه‌ستێنرێن چونكه‌ هیچ شتێكی نوێیان پێنییه‌ بۆ عێراقییه‌كان و ئه‌وه‌ی كردوویانه‌ دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌"

له‌ هه‌مان چوارچێوه‌دا رۆژی 16/4/2019، هاشم ركابی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی، ئه‌و زانیاریانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باسی هاوپه‌یمانێتییه‌كی سیاسی ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ ده‌سه‌ڵات دووربخرێته‌وه‌.

ركابی له‌ تویته‌ره‌وه‌ نووسی: "ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ كوتله‌یه‌كه‌وه‌و ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ حكوومه‌ت بڕوخێنن یان بیگۆڕن، دوورن له‌ راستییه‌وه"‌.





K24
Top