عادل عه‌بدولمه‌هدی: سوپای پاسدارانی ئێران له‌ عێراق نین

عادل عه‌بدولمه‌هدی: سوپای پاسدارانی ئێران له‌ عێراق نین
له‌ باره‌ی كاركردنی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌ڵامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا ده‌داته‌وه‌ و رایدەگەیەنێت "سوپای پاسدارانی ئێران له‌ عێراق نین".

له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌یدا، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لێدوانه‌كانی مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكای له‌ باره‌ی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ عێراق ره‌تكرده‌وه‌ و گوتی: "سوپای پاسداران له‌ عێراق كار ناكات و ئه‌وه‌ی مایك پۆمپیۆ ده‌یڵێت راست نییه‌".

عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ باره‌ی پرسی دروستكردنی هه‌رێمی به‌سره‌وه‌ رایگەیاند: "ئه‌و پرسه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی جێهێڵدراوه‌".

عادل عه‌بدولمه‌هدی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ ئەمڕۆ سه‌ردانی سعوودییه‌ ده‌كات و پێش مانگی ره‌مه‌زانیش ده‌چێته‌ ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا".

ئەو گوتانەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای ئەوەدێت مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وتارێكیدا بۆ قوتابیانی زانکۆی تێکساس Texas A&M، رایگەیاندبوو: "سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵی 20%ی ئابووری عێراقی کردووە".

لە بارەی بە تیرۆرست ناساندنی سوپای پاسداران، پۆمپیۆ ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "لە راستییدا، ئێران نەک تەنها سپۆنسەری تیرۆرە، بەڵکو سوپای پاسداران چالاکانە پارەی تیرۆر وەک بەشێک لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکەی خەرج دەکات".

راشیگەیاند: "ئامۆژگاری من بۆ ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەوان بازرگانی دەکەن ئەوەیە، دەبێت چاوێک بەکارەکانیان بخشێنەوە".






K24
Top