پەرلەمانی عێراق یاسای دادگای فیدراڵی تاوتوێ دهكات
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق جارێکی دی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەکە بکات و ناکۆکییەکانیش بەردەوامن.
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژە یاسای دادگای فیدراڵی کۆدەبێتەوە، دادگایەک کە ماوەی 16 ساڵە بێ ئەوەی هیچ یاسایەک هەبێ پشتی پێببەستێت کاردەکات و وەک یەکێک لە گرینگترین کۆڵەکەکانی سیستمی سیاسیی و یاسایی عێراق هەژمار دەکرێت، لە دوو خولی رابردوودا پەرلەمانی عێراق نەیتوانی بەهۆی ناکۆکییەکانەوە یاساکە تێپەڕێنێ، دەکرێت ئەم حوکمە لەم خوولەشدا دووبارە ببێتەوە، چونکە وەک سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ "هێشتا ناکۆکییەکان ماون".
دادگای فیدراڵی لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناکۆکییەکان نێوان دوو وەزارەت یان دوو دەسەڵاتی دەوڵەت خاوەن بڕیاری کۆتاییە، لای هەندێک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئەم پرسە هەستیارە پێویستی بە رێککەوتنە، هەرچی لە بارەی پشکی کوردیشەوەیە سەرۆکی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان دڵنیای دەدات.
K24