به‌غدا: هه‌وڵماندا ئه‌مه‌ریكا سوپای پاسداران نه‌خاته‌ لیستی تیرۆر

به‌غدا: هه‌وڵماندا ئه‌مه‌ریكا سوپای پاسداران نه‌خاته‌ لیستی تیرۆر
عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، هه‌وڵیانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سوپای پاسداران نه‌خاته‌ لیستی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان و روونیشی كرده‌وه‌، ئه‌و كاره‌ ده‌بێته‌ هۆی ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه‌.

عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌ی خۆیدا ئاشكرای كرد، به‌ ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ سه‌ره‌تایه‌كی "نه‌رێنی ده‌بێت بۆ عێراق و ناوچه‌كه‌".

دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، هه‌ر رووداوێك و گرژییه‌ك له‌ ناوچه‌كه‌ بكه‌وێته‌ نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، هه‌مووان "زیانمه‌ند ده‌بین".

جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، به‌غدا هه‌وڵی خۆی ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ تاران و واشنتن هه‌بێت به‌ یه‌كه‌وه‌ و سزا نوێكانیش په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی له‌و جۆره‌ پێویستتر ده‌كات.

له‌ ساڵی 1984ه‌وه‌ ئێران خراوه‌ته‌ لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی "پشتیوانی تیرۆر" ده‌كه‌ن، كه‌ سنوورداره‌ و له‌ پاڵ ئه‌ویش وڵاتانی كۆریای باكوور، سوودان و سووریا دێن.

سوپای پاسداران له‌ ئێران، له‌ سوپای فه‌رمی وڵات جیاوازه‌ و سنووری سه‌ربازی تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌ بواره‌كانی ئابووری و سیاسییش رۆڵی هه‌یه‌.

رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، ئه‌مه‌ریكا سوپای پاسدارانی خسته‌ لیستی رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان و له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئێران، به‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك وه‌ڵامی ئه‌مه‌ریكای دایه‌وه‌ و سوپای ئه‌و وڵاته‌ی خسته‌ لیستی تیرۆر.





K24 -
Top