میسال ئالووسی: ئێمەی سیاسی لەم دۆخەی عێراق بەرپرسین نەك ئەمریكا

میسال ئالووسی: ئێمەی سیاسی لەم دۆخەی عێراق بەرپرسین نەك ئەمریكا
میسال ئالووسی سه‌رۆكى حزبى نه‌ته‌وه‌ی عێراقی لەبارەی شازدەمین ساڵیادی لەناوچوونی ڕژێمی بەعسەوە كە دەكاتە ئەمڕۆ سێشەممە، نووسیویەتی سەركردە سیاسییەكانی عێراق بەرپرسن لە دۆخی ئەمڕۆی وڵاتەكە نەك جۆرج بوش و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

ئالووسی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانى عێراق و په‌رله‌مانتارى خوله‌كانى پێشووه‌، لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە "لەگەڵ ڕێزم بۆ هەر رایەكی ئازاد، پێموایە ئەمڕۆ ٩ی نیسان، ساڵڕۆژى رزگاربوونە لە دەست سەدام و بەعس و ڕژێمە خوێناویە دیكتاتۆریە فاشیەكە. لەم بۆنە خۆشەشدا دەڵێم زۆربەی ئێمەی سیاسەتمەدارانی عێراق، هیچ سیاسەتێكمان نەبوو جگە لەوەی ئۆپۆزسیۆن بین لە دەرەوەی وڵات، ئەگەر ڕۆژی ٩ی نیسان نەبوایە، نەماندەتوانی بە عێراقی نیشتمانی ئازیزمان شاد بینەوە".

ئالووسی سوپاسی جۆرج بوش سەرۆكی پێشووتری ئەمریكاشی كردووە و دووپاتی كردووەتەوە كە ئەو بڕیاری لەناوبردنی سەدام و ڕژێمەكەی داوە.

سەركردە عێراقیەكە هەروەها دەشڵێ ئەو دۆخەی ئەمڕۆ نیشتمانەكەی تێیكەوتووە، ئەوان وەكو سیاسەتمەدارەكانی عێراق لێی بەرپرسن نەك بوش و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. دەشڵێ "خۆزگە ئەم یادەمان لە عێراقێكی ئازاد دەكردەوە، عێراقێك لە دەرەوەی روانگەی تایفی".











باسنيوز
Top