زەید بن ریفاعە، نووسەر و توێژەری عەرەب : بە یاسای پیرۆزیی نەجەف ئازادییەکان لە عێراق بەرتەسک دەکرێنەوە
چەند رۆژێکە زانایانی شیعەمەزهەبی عێراق داوا دەکەن شاری نەجەف وەک شارێکی پیرۆز بناسێنرێت و عەلا موسەوی، سەرۆکی وەقفی شیعیش هۆکاری ئەو داوایەی بۆ بوونی مەزاری عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب، ئیمامی یەکەمی شیعەکان لەو شارە و رێگرتن لە بانگەواز و هەوڵەکانی بڵاوکردنەوەی بێ دینی و کاری بەدڕەوشتی، گەڕاندووەتەوە.
زەید بن ریفاعە، نووسەر و توێژەری عەرەب لە وتارێکدا، ک لە رۆژنامەی (ئەلعەرەب) بڵاوی کردووەتەوە، ناساندنی نەجەف بە شارێکی پیرۆز بە هۆکارێک بۆ رێگرتن لە هەموو کارە هونەرییەکان، کارکردنی ژنان لە کەرتی تایبەت و گشتی و چەندین هەنگاوی دیکەی دژە پێشکەوتن، دادەنێت.
زەید بن ریفاعە پێی وایە ئەگەر ئەو یاسایە لە ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف پەسەند بکرێ و حکوومەتی و دەسەڵاتی عێراقیش رەزامەندیی لەسەر بدەن، ئەوا ژیان لەو شارە سارد و سڕ دەبێت و خەڵکەکەی لە هەموو پێشکەوتنەکانی سەردەم دادەبڕێن.
ئەو نووسەرە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بیانووی زانا شیعەکان بۆ بە پیرۆزناساندنی نەجەف بڵاو بوونەوەی بێ دینییە، لە کاتێکدا حزبە سیاسییە ئاینی (شیعەکان)، کە 16 ساڵە حوکمڕانیی نەجەف دەکەن، بەرپرسن لە بڵاوبوونەوەی هەر خراپەکارییەک.
زەید بن ریفاعە ئاماژە بە هەڵوێستی عێراقییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، کە باسیان لەوە کردووە، بە پیرۆزناساندنی نەجەف هەنگاوێکە بۆ دروستکردنی دادگای ئاینی لەسەر شێوەی ئێرانی و پەسەندکردنی ئەو یاسایەش خەڵکی پارێزگاکە بەرەو دژایەتیکردنی زیاتری پیرۆزییەکە دەبات، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەکە ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە و گەندەڵیش پەرە دەسێنێت.
هاووڵاتییانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیشیان لەوە کردووە، کە بەرپرسە گەندەڵەکانی عێراق داوای بە پیرۆزناساندنی نەجەف دەکەن، لە کاتێکدا میلیشیا تایفییەکانی حەشدی شەعبی بە هەمان یاسای پیرۆزی و بە دەست لەپشتدانی ویلایەتی فەقیه لە ئێران، مافی خەڵکی پێشێل دەکەن و یاسای پیرۆزییەکە جێبەجێ دەکەن.
باسنیوز