حەشدی شەعبی جێھێشتنی ناوچە سوننەكان رەتدەكاتەوە و سوننەش پێیان وایە رووبەڕووبوونەوە چارەسەرە
لە بەیاننامەیەكدا دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوی كردووەتەوە، تۆمەتباركردنیان لەلایەن سیاسییەكی عێراق، پێچەوانەی یاسایە و پێشێلكردنی یاسا و مافەكانی حەشدی شەعبییە، ئەوان بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق و پابەندن بە فەرمانەكانی فەرماندەی گشتی ھیزە چەكدارەكانی عێراق.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، رێكارە یاساییەكان بۆ پاراستنی مافەكانیان دەگرنە بەر و قسەكانی ساڵح موتڵەگ وەك تۆمەت و ناوزڕاندن لێكدەدەنەوە.
ھەر پەیوەست بەو بابەتە مەھدی ئامرلی، پەرلەمانتاری كوتلەی بەدر لە پەرلەمانی عێراق داوا دەكات بڕیاری دەستگیركردن بۆ ساڵح موتڵەگ دەربكرێت و دەڵێ"حەشدی شەعبی ئەو ناوچەی لە دەست داعش رزگار كردووە، كە ساڵح موتڵەگ سەروت و سامانەكەی دزیووە".
ئەمەش دوای ئەوەدێت دوێنێ ساڵح موتڵەگ، سەرۆكی بەرەی دیالۆگی نیشتمانی رایگەیاندبوو، چەکدارانی حەشدی شەعبی ستەم لە دانیشتوانی ناوچە سونییەکان دەکەن و داوا دەكەن لە ناوچەكانیان بكشێنەوە.
K24