عێراق بۆ ئێران: نابینە بەشێك لە سزاكانی ئەمەریكا
نووسینگەی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئیسحاق جیھانگیری، جێگری سەرۆك كۆماری ئێران، سەرۆك وەزیرانی عێراق دڵنیایی داوە، كە نابنە بەشێك لە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، ئاماژەی بەوەش كردووە، عێراق پابەندە بە پەیوەندی باشی دراوسێیەتی و دەستدرێژی و دەستوەردان بۆ سەر دراوسێكانیشی رەتدەكاتەوە.
لەبارەی داواكاری رێبەری ئێرانیش، بۆ دەرچوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق رایگەیاند، دڵنیاییان داوەتە ئێران لەوەی بوونی ھێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق سنووردارە و ئەوانەی ماونەتەوە، بۆ راھێنان و مەشق پێكردنە بە ھێزەكانی عێراق.
دوێنێ عادل عەبدولمەھدی سەردانەكەی بۆ ئێران كۆتایی ھێنا و گەیشتەوە بەغدا.
رۆژی شەممە 06/04/2019، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە تاران و لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران کۆبووەوە و رۆژی دواتریش بەشداری لە کۆربەندێکی ئابووری هاوبەشی ئێران و عێراق كرد.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند میدیایەکی ناوخۆیی ئێرانی ئاشکرایکردووە، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، بە عادل عەبدولمەهدی گوتووە: "دەبێت بە زووترین کات سوپای ئەمەریکا لە عێراق دەربکەیت چونکە چەند زیاتر بمێنەوە، وەدەرنانیان سەخت تر دەبێت".
لە ساڵی 1980 بۆ 1988، عێراق و ئێران لە جەنگدابوون، بەڵام لە دوای روخانی سەددام حوسێن لە ساڵی 2003، ئەو دوو دراوسێیە لەیەک نزیکبوونەوە و ئێستا ئێران کاریگەری سیاسی و سەربازیشی لە عێراق هەیە.
K24