ساڵح مەتڵەگ لە نامەکەیدا بۆ سیستانی : حەشدی شەعبی ناوچەکانی ئێمەی وێران کرد

ساڵح مەتڵەگ لە نامەکەیدا بۆ سیستانی :  حەشدی شەعبی ناوچەکانی ئێمەی وێران کرد
سەرکردەیەکی سوننەمەزهەبەکانی عێراق میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە وێرانکردنی ناوچەکانیان تاوانبار دەکات.



بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ساڵح موتڵەگ، سەرکردە لە هاوپەیمانیی ئیسڵاح نامەیەکی بۆ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق ناردووە و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو میلیشیایانەی کردووە.



ساڵح مەتڵەگ لە نامەکەیدا بۆ سیستانی، رایگەیاندووە، حەشدی شەعبی ناوچە رزگارکراوەکانی سوننەی لە رووەکانی کۆمەڵایەتی، ئاوەدانی و ئابوورییەوە وێران کرد و جگە لە نەوتی ئەو ناوچانە، سامانی خەڵکەکەشی دزی.



ئەو سەرکردە سوننەمەزهەبە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حەشدی شەعبی بەشێوەیەکی مەزهەبیی توندڕەو کەشێکی نائاسایی لە ناوچە رزگارکراوەکانی سوننەمەزهەبەکان خوڵقاندووە.



ساڵح موتڵەگ ئاشکرای کردووە، کە سیاسییە سوننەکان کار لەگەڵ سوپای ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی ناوچەکانیان لە حەشدی شەعبی بپارێزن و پێیان وایە ”بوونی سوپای ئەمریکا باشترە لە بوونی حەشدی شعبی لە ناوچەکانمان“.



لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.






باسنیوز
Top