ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی گەشتی دەرەوەیان لێ قەدەغە دەکرێت
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی جەدید)، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-4-2019، ناوی ئەو بەرپرسانە دراوەتە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان.
چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی بە ماڵپەڕەکەیان راگەیاندووە، ئەو بەرپرسانە لە چەندین کەیسی گەندەڵیدا گڵاون و تا یەکلابوونەوەی کەیسەکانیان، رێگا بە چوونە دەرەوەیان نادرێت.
هەروەها محەمەد نوری عەبد رەبە، پەرلەمانتاری نەینەوا بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە، کە یەکێک لەو کەسانەی بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەیان لە دژ دراوە، نەوفەل ئەلعاکوفی پارێزگاری لەسەرکار لادراوی نەینەوایە.
محەمەد نوری ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپێی بڕیارەکە، نەوفەل ئەلعاکوب، کە ئێستا لە هەولێر دەژیت، ناتوانێ ئەو شارە بەجێ بهێڵێت و بچێتە دەرەوەی وڵات تا کەیسەکانی یەکلا نەبێتەوە.
باسنيوز