کەسێکی نزیکی سەدام حوسێن مانگانە زیاتر لە 2 ملیۆن دینار وەردەگرێت
ماڵپەڕی (مەوازین نیوز)ی عێراقی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، کە ژمارەیەک بەرپرسی سەربازیی نزیک لە سەدام حوسێنی سەرۆکی لەسێدارەدراوی رژێمی بەعس، لە دوای ساڵی 2003 خانەنشین کراون و مانگانە بڕە پارەیەکی زۆر وەردەگرن.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەڵگەی دەست کەوتووە لەسەر ئەوەی، ئەرشەد یاسین رەشید نەجم ئەلناسری، پاسەوانی تایبەتی و هاوسەری زڕخوشکی سەدام حوسێن، کە ئێستا تەمەنی 71 ساڵە و لە شاری تکریت دەژی، لە ساڵی 2005 بە پلەی لیوا خانەنشین کراوە و مانگانە دوو ملیۆن و 235 هەزار دیناری پێ دەدرێت.
سەدام حوسێن لە ساڵی 1937 لە گوندی عۆجە لە تکریت لەدایک بووە. لە ساڵی 1979 خۆی وەک سەرۆکی عێراق ناساند و تا رووخاندنی رژێمەکەی لە ساڵی 2003، سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەی بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە کرد.
سەدام حوسێن، کە لە رۆژی 30-12-2006 لە سێدارە درا، لەگەڵ سەرانی رژێمەکەی (رژێمی بەعس)، هەزاران تاوانی بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجام دا، کە دڕندانەترینیان بریتی بوون لە؛
- کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.
- ئەنفالکردنی زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتیی کورد.
- ئەنفالکردنی زیاتر هەشت هەزار بارزانی.
سوتماککردن و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستان.
دوای رووخاندنی رژێمی بەعس، بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە 2005، حزبی بەعس و سەرانی رژێمەکەی لە کاری سیاسی، ئیداری و سەربازی دوور خرانەوە و قەدەغە کران.