هه‌وڵه‌كانی به‌ هه‌رێمكردنی به‌سره‌ سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌

هه‌وڵه‌كانی به‌ هه‌رێمكردنی به‌سره‌ سه‌رله‌نوێ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌
ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ی باشووری عێراق، دانیشتنێكی نائاسایی تایبه‌ت به‌ پرسی به‌ هه‌رێمكردنی پارێزگاكه‌ ئه‌نجامدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، بڕیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی واژۆ كۆبكه‌نه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كانیش، به‌رپرسانی به‌سره‌ رایانگه‌یاندووه‌، به‌ هه‌رێمیكردنی پارێزگاكه‌، به‌سره‌ له‌ حوكمی "مه‌ركه‌زی كۆتوبه‌ندكراو"، ده‌پارێزێت.

سه‌باح به‌زوونی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به‌سره‌ رایگه‌یاند، زیاتر له‌ 20 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌، واژۆیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ به‌سره‌ بكرێته‌ هه‌رێم، كه‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی ره‌هایه‌.

راشیگه‌یاند، داواكارییه‌كه‌ بۆ فه‌رمانگه‌ی یاسایی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ره‌وانه‌كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێكاری پێویست بیگرێته‌ به‌ر، وه‌كو تۆماركردنی سكاڵای یاسایی تایبه‌ت، روونیشی كرده‌وه‌، پێشتریش ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ رێكاری له‌و جۆره‌ گرتووه‌ته‌به‌ر.

به‌زوونی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ لێژنه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ به‌دواداچوون به‌و بڕیاره‌ پێكهێناوه‌ بۆ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌ یه‌كده‌گرێته‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌و چالاكوان و سیاسییانه‌ی پشتگیری به‌ هه‌رێمكردنی به‌سره‌ ده‌كه‌ن، داوای ئه‌نجامدانی چالاكی و خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، هه‌موو ئامانجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، به‌سره‌ پشكی خۆی له‌ بودجه‌ی عێراق به‌ ته‌واوه‌تی وه‌ربگرێت، كه‌ له‌ ده‌ستوور ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌.

ئه‌گه‌رچی به‌سره‌ زۆرترین داهات بۆ خه‌زێنه‌ی حكوومه‌تی عێراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، به‌ڵام پارێزگاكه‌ به‌ ده‌ست زۆرترین قه‌یرانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و له‌ كه‌مترین خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بێبه‌شه‌.








K24
Top