بەرهەم : تەنیا حەشدی شەعبی لە ریزبەندیی یەکەمی هەوڵەکانی دژی داعش بوو و ئێستا بەشێکە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
بەرهەم ساڵح لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) رایگەیاندووە، ئەگەر ”حەشدی شەعبی نەبا، ئەوا ئێمە لە مەترسییەکی چاوەڕوانکراودا بووین“.
بەرهەم ساڵح لە وەڵامی ئەوەی کەسانی خراپ لەناو حەشدی شەعبیدا هەن، رایگەیاندووە، ”ناڵێم کەسانی خراپ لەناو حەشدی شەعبیدا نین، هەروەک کەسانی خراپ لەناو سوپا و پۆلیس و تەنانەت لەناو پێشمەرگەشدا هەن“.
ساڵح پێی وایە حەشدی شەعبی رۆڵی سەرەکی لە شکستهێنان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش هەبووە و رایگەیاندووە، ”حەشدی شەعبی لە ریزبەندیی یەکەمی هەوڵەکانی دژی داعش بوو و ئێستا بەشێکە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق“.
ئەو لێدوانەی بەرهەم ساڵح لەکاتێک دایە، کە پێشمەرگە رۆڵی سەرەکیی لە شەڕی دژی داعش و شکستپێهێنان و شکاندنی ئەفسانەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە گێڕاوە و بە شاهێدیی هەموو جیهان، یەکەم شکستی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە بوو.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد
باسنیوز