حەشدی شەعبی وەڵامی بەرھەم ساڵح و حەلبوسی دەداتەوە

حەشدی شەعبی وەڵامی بەرھەم ساڵح و حەلبوسی دەداتەوە
ھاوپەیمانیی پەرلەمانیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی وەڵامی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەداتەوە.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری عێراق لە ھاوپەیمانیی فەتح بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، لەگەڵ ھاوپەیمانیی سائیرون ھەوڵ دەدەن بە یاسا ھێزە ئەمریکییەکان دەربکەن.

پێشتر بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاندبوو، کە ھێزە ئەمریکییەکان بە داوای حکوومەتی عێراق لە وڵاتەکەیدا جێگیربوون و ”ھیچ دژایەتییەک بۆ بوونی ھێزە ئەمریکییەکان لە عێراق نابینم“.

ھەروەھا محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندبوو، کە بوونی ھێزە ئەمریکییەکان مایەی گەرەنتیی رێگریکردنە لە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی عێراق.

محەمەد بەلداوی رایگەیاندووە، بەرھەم ساڵح و محەمەد حلبوسی ”لەژێر گوشاری ئەمریکا“ لێدوانیان لە بەرژەوەندیی مانەوەی ھێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، داوە.

ھاوپەیمانیی فەتح، خاوەنی ٤٨ کورسیی پەرلەمانی عێراقە و بەر لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٢-٥-٢٠١٨، بە سەرۆکایەتیی ھادی عامری، سەرۆکی میلیشیای بەدر و جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، پێک ھات.











باسنيوز
Top