حەلبوسی هەموو ئەو پرۆژانەی کوتلە جیاوازەکان بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردبوو، ”بە یەکجاری دوور خراونەتەوە“
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بارەگای باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە واشنتن بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، هەموو ئەو پرۆژانەی کوتلە جیاوازەکان بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردبوو، ”بە یەکجاری دوور خراونەتەوە“.
محەمەد حەلبوسی پێویستیی وڵاتەکەی بە هێزە ئەمریکییەکان نیشان داوە و رایگەیاندووە، ”بوونی هێزەکانی ئەمریکا گەرەنتییە بۆ پاراستنی عێراق لە دەستوەردانە دەرەکییەکان“.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە داواکردنی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا ”دەچێتە خانەی بەرژەوەندیی تیرۆر“.
لەبارەی دەستوەردانی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق، محەمەد حەلبوسی رایگەیاندووە، نیگەرانە لە دەستوەردانی ئێران و پێویستە پەیوەندیی نێوان بەغدا و تاران ”پەیوەندیی رێزگرتن لە سەروەریی یەکتر“ بێت.
حەلبوسی ئاشکرای کردووە، کە هەوڵ دەدات لە 20ـی مانگی داهاتوودا، کۆبوونەوەیەک بۆ سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتانی ئێران، تورکیا، سووریا، ئوردن، سعودیە و کوێت ساز بکات بۆ گەرەنتیکردنی سەقامگیریی عێراق.
ئەو لێدوانانەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێچەوانەی هەڵوێستی زۆرینەی سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتەکەیەتی، بەتایبەت بەرپرسە شیعەمەزهەبەکان، کە داوا دەکەن هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق نەمێنن و بەشێکیشیان داوای شەڕکردن لە دژی ئەو هێزانە دەکەن.
باسنیوز