عەبادی باسی هەوڵی تیرۆركردنی دەورووژێنێت

عەبادی باسی هەوڵی تیرۆركردنی دەورووژێنێت
حەیدەر عەبادی سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی ئەلنەسر لە درێژەی هەوڵەكانیدا بۆ ئەوەی بێتەوە بەر باس لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، دیداری لەگەڵ ماڵپەڕێكی خۆجێی بەغدا كردووە و تێیدا باسی هەوڵی تیرۆركردنی لەلایەن داعشەوە ورووژاندووە.

عەبادی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دیدارێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی "بەغداد ئەليەوم"، باسی لەوە كردووە كاتی خۆی لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ لە دەست داعش، لە دەوروبەری شارەكەدا لەلایەن چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە هەوڵی تیرۆركردنی دراوە.

ئەم لێدوانەی عەبادی لە كاتێكدایە لە قۆناخی شەڕی رزگاركردنی مووسڵدا، داعش بە تەواوی تێكشكابوو، بە حاڵ دەیتوانی شەڕی بەرگری بكات لە بەرانبەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و بۆردوومانی فڕۆكەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان.

حەیدەر عەبادی كە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق بوو، ماوەیەكە كەوتووەتە خۆی بۆ دەركەوتنەوە لە میدیاكان و لە ڕێگەی چەند لێدوانێكەوە، هەوڵی دروستكردنی كێشە بۆ حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەدات.









باسنيوز
Top