وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌رقاڵی ئەوەیە ئاست و پله‌به‌ندیی پاسپۆرتی عێراقی به‌رزبكاته‌وه‌

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌رقاڵی ئەوەیە ئاست و پله‌به‌ندیی پاسپۆرتی عێراقی به‌رزبكاته‌وه‌
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ستی به‌ گرتنه‌به‌ری چه‌ند رێوشوێنێك كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی كوالێتی و پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان، ئاست و پله‌به‌ندیی پاسپۆرتی عێراقی به‌رزبكاته‌وه‌، چونكه‌ دوایین پۆلێنی باشترین پاسپۆرتی وڵاتانی جیهان ده‌ركه‌وت، عێراق له‌ پله‌ی 106 دا بووه‌ ساڵی 2018. پێوه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و پله‌به‌ندییه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ بوو كه‌ به‌ پاسپۆرته‌كه‌ ده‌توانیت چه‌ند وڵات بچیت بێ ئه‌وه‌ی داوای ڤیزات لێبكه‌ن.

ئه‌حمه‌د سه‌حاف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌رقاڵی كاركردنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ سه‌ركه‌وتوویی دوو له‌مپه‌ر له‌و بواره‌دا تێپه‌ڕێنێ، یه‌كێكیان ره‌وشی ئه‌منیییه‌ كه‌ به‌ره‌و باشی چووه‌و دووه‌میشیان دۆخی ئابوورییه‌ كه‌ به‌ره‌و گه‌شه‌سه‌ندن ده‌چێ".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ سه‌رقاڵی نوێكردنه‌وه‌ی داتا و زانیارییه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ خاوه‌نی پاسپۆرتن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی متمانه‌ به‌ده‌ست بهێنن له‌ لایه‌نی په‌یوه‌نداره‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و مه‌رجه‌ی پێشتر شاندێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌ كاتی دیداریان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق خستوویانه‌ته‌ روو جێبه‌جێ بكرێت".

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك وڵاتی جیهان ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ ڤیزا به‌ گه‌شتیارانی عێراقی بده‌ن بچنه‌ وڵاته‌كانیان ئه‌گه‌ر ڤیزای ئێران به‌ پاسپۆرته‌ عێراقییه‌كانیانه‌وه‌ بێت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ڵێت: "رێوشوێنه‌ تازه‌كانی وه‌زاره‌ت ناچێته‌ ناو‌‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاتان و ئێرانه‌وه‌".

هه‌موو كه‌رت و بواره‌ جیاوازه‌كان له‌ عێراق به‌ده‌ست ئه‌و مه‌رج و كۆتوبه‌ندانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن كه‌ وڵاتان وه‌ك مه‌رجی پێدانی ڤیزا به‌ گه‌شتیاری عێراقی هه‌یانه‌، ته‌نانه‌ت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌شداریی هه‌ڵبژارده‌ و تیپ و یانه‌ وه‌زرشییه‌كانی عێراقیش كردووه‌ به‌شداریی له‌ ركابه‌رییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بكه‌ن.







K24
Top