مەرجەعێک هۆشداریی دەدات لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و ئۆرشەلیم
ئەمڕۆ دووشەممە 25-3-2019، شێخ قاسم تائی، مەرجەعێکی شیعەمەزهەبەکانی عێراق لە وەڵامی لایەنگرێکیدا، رایگەیاندووە، ئیسرائیل ستەمکارە و دەستدرێژیی کردووەتە سەر خاکی مسوڵمانان.
قاسم تائی هۆشداریی لە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل داوە و رایگەیاندووە، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و ئۆرشەلیم داننانە بە دەوڵەتی ئیسرائیل ئەوەش حەرامە.
ئەو لێدوانەی ئەو مەرجەعە لکاتێک دایە، کە گەنجێکی شاری مووسڵ بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی شارەکەی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵێکی عێراقی رایگەیاند، کە نایەوێ چیتر وەک عێراقییەک بمێنێتەوە، چونکە هیچ مافێکی لەو وڵاتەدا نییە و دەیەوێ وەک هاووڵاتییەکی جوولەکە بژیت، ئیسرائیل ”زۆر باشترە لەوانە“.
توڕەیی ئەو گەنجە دوای کارەساتی وەرگەڕانی بەلەمێک لەسەر رووباری دیجە لە مووسڵ هات، کە بەهۆیەوە نزیکەی 170 کەس گیانیان لەدەست دا و شوێنبزر بوون.
زانایان و بەرپرسانی عێراقی بەردەوام باس لە ستەمکاریی ئیسرائیل و خراپیی ئەو دەوڵەتە دەکەن، بەڵام خەڵکی ئاسایی عێراقی، کە لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی جیهان لەبارودۆخێکی سەخت دەژین، پێیان وایە ئیسرائیل لە حکوومەتی وڵاتەکەیان باشترە، چونکە حکوومەتەکەیان تەنانەت ئاوی خواردنەوەی بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵکی عێراقی دابین نەکردووە.
باسنيوز