پەرلەمانی عێراقی عەرەبی دەنگ لەسەر لەکارلادانی پارێزگاری نەینەوا دەدات
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە؛ پەرلەمانی عێراق کاژێر یەکی پاشنیوەڕۆ دەنگ لەسەر لەکارلادانی پارێزگاری نەینەوا نۆفەل عاگووب و هەردوو جێگرەکەی دەدات بەهۆی نقومبوونی بەلەمێک لە شاری مووسڵ، کە بووە هۆی مردنی 120 کەس و برینداربوون و بێسەروشوێنی بوونی ژمارەیەکی دیکە.
پێنجشەممەی رابردوو بەلەمەکە کە 187 سەرنشینی هەڵگرتبوو لە پیاو، ئافرەت و منداڵ بەمەبەستی گواستنەوەیان بۆ دوورگەیەکی گەشتیاری لەنێو رووباری دیجلە لە شاری موسڵ نقوم بوو.
سیدۆ شنگالی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاندبوو "بەپێی ئامارە فەرمییەکان 55 کەس لە سەرنشینانی بەلەمەکە رزگارکراون و تائێستا تەرمی 97 کەسی قوربانی رووداوەکە گەیەندراونەتە پزیشکی داد، بەڵام هێشتا ژمارەی بێسەروشوێنەکان نادیارە".
جگە لە کەیسی بەلەمەکە، پەرلەمان هەروەها خوێندنەوەی یەکەم دەکات بۆ پرۆژەیاسای بەدەستهێنانی نایاسایی و پرۆژەیاسای شارە پیشەسازییەکان و پرۆژەیاسای چارەکردنی زیادڕەویی نیشتەجێبوون، هەروەها خوێندنەوەی یەکەم دەکات بۆ پرۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بلۆککردن و دەستگرتنەسەر سامانە کاش و ناکاشەکانی سەرانی رژێمی پێشوو.
هەر بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق راپۆرتی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکان لە پارێزگای نەینەوا تاوتوێ دەکات.
رووداو