ئەمڕۆ بەسرە ئاڵای خۆی بەرز دەکاتەوە

ئەمڕۆ بەسرە ئاڵای خۆی بەرز دەکاتەوە
ئەمڕۆ شاری بەسرە ئاڵای خۆی وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی کۆماری فیدڕالیی عێراق بەرز دەکاتەوە.

محەمەد تائی، پەرلەمانتاری پێشووی بەسرە و سیاسەتمەداری عێراقی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، بەرزکردنەوەی ئاڵای بەسرە لەچوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقە.

محەمەد تائی هەروەها رایگەیاندووە، ”بەم نزیکانە“ هەرێمی بەسرە رادەگەیەندرێت و ئەمڕۆ چوارشەممە 20-3-2019ش ئاڵای هەرێمەکە بەرز دەکەنەوە.

پارێزگای بەسرە، کە بە شادەماری ئابووریی عێراق دادەندرێ، لەلایەن حکوومەتی ئەو وڵاتەوە بە تەواوی پشتگوێ خراوە و دانیشتووانەکەی تەنانەت لە ئاوی خواردنەوە بێ بەشن، بۆیە چەند ساڵێکە هەوڵی راگەیاندنی هەرێمی بەسرە دەدەن.

سیاسەتمەدار و کەسایەتییەکانی بەسرە بەردەوام هاوسۆزیی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەردەبڕن و باس لەوە دەکەن، کە دەیانەوێ وەک هەرێمێک و هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، پارێزگاکەیان ببوژێننەوە و پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان بۆ هاووڵاتییانیان دابین بکەن.

بەپێی دەستووری عێراق، ئەگەر زۆرینەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک رایان لەسەر بوو، دەتوانن هەرێمێک بۆ خۆیان دروست بکەن.











باسنيوز
Top