به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانی عێراق ده‌كات

 به‌شار ئه‌سه‌د سه‌ردانی عێراق ده‌كات
رۆژنامه‌یه‌كی عێراقی ئاشكرايكرد, به‌م نزیكانه‌ به‌شار ئه‌سه‌د، سەرۆكی سووریا سەردانی عێراق دەكات.

رۆژنامەی دیاری عێراقی بڵاویكرده‌وه‌، "دوای سه‌ردانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران بۆ عێراق، ئێستا ئاماده‌كاری بۆ سه‌ردانێكی فه‌رمیی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سووریا بۆ به‌غدا ده‌ستیان پێكردووه‌ و، بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ ئه‌نجام بدرێت".

وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌، "بۆ ئەم مەبەستە فالح فەیاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، كار بۆ رێكخستنی سەردانەكەی ئه‌سه‌د و كارنامه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نی سووری دەكات".

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ مه‌به‌ست و واده‌ی سەردانەكە ئاشكرا نه‌كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، "ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات رێگری له‌و سه‌ردانه‌ی ئه‌سه‌د بكات".

رۆژنامه‌كه‌ نووسیویه‌تی، "له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌دا، دیمه‌شق ئاماده‌كاری بۆ میوانداری كردنی كۆنگره‌یه‌كی سێقووڵی له‌ نێوان به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران، عێراق و سووریا ده‌كات، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ سوپاسالاری عێراق، ئێران و وه‌زیری به‌رگری سووریا به‌ش
داری له‌و كۆنگره‌یه‌دا ده‌كه‌ن".

هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌ رۆژنامه‌ عێراقییه‌كه‌ له‌ عوسمان غانمی، سوپاسالاری عێراق گواستییه‌وه‌، "له‌ رۆژانی داهاتوودا سنووری نێوان عێراق و سووریا ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ئاستی ئاڵوگۆڕی سه‌ردان و بازرگانی له‌ نێوان هه‌ردوو وڵات به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه‌".

ئەمەش دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری ئێران سه‌ردانێكی 3 رۆژی بۆ عێراقی كرد و، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای به‌غدا چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا، له‌ شاری نه‌جه‌فیش له‌گه‌ڵ عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی عێراق كۆبووه‌وه‌
k24 -
Top